کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی بنەماڵە مافخوازەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم بۆ ڕەئیسی

11:39 - 10 جۆزەردان 2724

کۆمەڵێک لە بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تاکوو لە گرتنی هەر جۆرە ڕێورەسمێک بۆ ڕيئیسی لەو کۆڕەدا، خۆ ببوێرێت.

لەم نامەیەدا بە ئاماژەدان بە ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گرتنی ڕێوڕەسمێک لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بۆ یادی ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕوو لە بەرپرسی کۆڕی گشتیی ئەم ڕێکخراوە هاتووە کە "ئێمە کۆمەڵێک لە بنەماڵە مافخوازەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان داواتان لێ دەکەین کە لە گرتنی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ مردنی ڕەئیسی کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کوشتنی بیرجیاکان و ناڕازیان لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەدا بووە، خۆ ببوێرن".

نووسەرانی نامەکە لە درێژەی نامەکەیان بۆ دێنیس فڕانسیس زیادیان کردووە کە "ئێوە وەکوو بەرپرسێکی مافی مرۆڤی دەبێت ئاگادار بن کە ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی ١٣٥٩ و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بووە بە دادستانی گشتیی کەرەج و پاشان لە ساڵی ١٣٦٧دا یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی مەرگ بووە و ڕۆڵی سەرەکیی لە کوشتنی ٥ هەزار بەندکراودا هەبووە و دەبێت بە تاوانی جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی دادگایی کرابایە".

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە ڕەئیسی لە ماوەی ٤٥ ساڵ مێژووی کۆماری ئیسلامییدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەستی لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی سەروویاسایی هەزاران دژبەری سیاسی هەبووە و هەروەها لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی ژینادا و توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.

نووسەرانی نامەکە سەبارەت بە نەریتی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گرتنی ڕێوڕەسمێک بۆ ئەو سەرۆکانەی کە لە کاتی دەسەڵاتدارییاندا گیانیان لەدەست ئەدەن، پرسیاری گرتنی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ئەگەری مردنی هیتلێر لە ڕووداوێکدا، لە دێنیس فڕانسیس کردووە.

لە کۆتایی نامەکەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پارێزەری مافی مرۆڤ لە جیهاندا، نابێت ڕێز لە هیچ کاربەدەست و سەرۆکێک کە تاوانی بە دژی مرۆڤایەتی کردووە بگرێت و ڕێوڕەسمی بۆ بەڕێوە بەرێت.