زیار لە ١٠٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی خالید مێهماندووست، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد تێدەپەڕێ و لەم ماوەیەدا ناوەندەکانی ڕێژیم وێڕای هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی ناوبراو، ئەم لاوەیان لە گرتنگەدا خستووەتە ژێر توندترین ئازار و ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکانەوە.
خالید مێهماندووست ناسراو بە فەریاد، کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە ڕاگوێزراوە.
ئەم لاوە کوردە بۆ ماوەی سێ مانگ لەم گرتنگەیەدا، لەژێر "سەختترین" و "توندترین" ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکاندا بووە، بە جۆرێک کە پاش قۆناغەکانی لێپرسینەوە پێویستی بە پزیشک دەبێ و لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێ کە سیستەمی هەرسکردن و میزکردنی تووشی کێشەی جیددی بووە.
بەپێی پشکنینەکانی یەکێک لە پزیشکەکانی دەرمار؛ ئەم لاوە کوردە توانای مانەوە لە بەندیخانەی نییە و ئەگەری هەیە هەوڵی خۆکوژیش بدات.
خالید مێهماندووست ئێستا لە بەندی ٤ی بەندیخانەی مەهاباد کە تایبەت بە لاوانە ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە. دادوەری دۆسییەکەشی بۆچوونی پزیشکەکانی بە بەتاڵ زانیوە و ئیزنی مورەخەسی و پشکنینی پزیشکیی زیاتری بەم لاوە نەداوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی سێ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لە مافی هەر جۆرە پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەیان خستووەتە ژێر ئەشکەنجەی زۆرەوە تاکوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە خۆ ببوێرن و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاترین ڕێژەی ئەشکەنجە و گوشار لەسەر ئەم لاوە کوردە لە بێدەنگیدا ماوەتەوە.