سوورێنی کوردستان: سووتاندنی دارستانەکان پرسێکی گشتییە و بۆ ڕێژیم فەرق ناکات کام بەش لە ژینگەی کوردستان بێت
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: کوردستان لەڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندە کە یەک لەوان دارستان چر و لێڕەوارەکانیەتی. بەڵام حکوومەتە ناوەندگەراکان بەتایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندەی بۆیان کراوە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستانیان بەتاڵان بردوە، دواتر بۆ زەبرلێدان لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد فەوتاندوویانە و بۆ مەبەستی دیکە کەلکیان لێ وەرگرتوە، بەتایبەت لەپێوەندی لەگەڵ دارستانەکاندا. ساڵانێکە بڕینەوە و سووتاندنی دارستانەکان لە کوردستان باسی گەرمی میدیاکان و خەمی گەورەی ژینگەپارێزان و نیشتماندۆستانی کوردە و کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سیاسی و هەروەها قازانجە ئابوورییەکانی درێژەیان پێ دەدا، هاوتەریب لەگەڵ ئەوە رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و چالاکانی ئەم بوارە گوشاریان دەخرێتەسەر، دەگیرێن و بەرەوڕووی تێچووی قوورس دەکرێنەوە.
"کوردستان" بۆ تاوتوێی پتری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت ژینگە و بەتایبەت دارستانەکانی کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ چالاکێکی ژینگەپارێزی کوردستان بە نازناوی "سوورێنی کوردستان" پێکهێناوە.
هۆکاری بڕینی دارستانەکانی زاگرۆس بەگشتی و بەتایبەتی بڕینی دارستانەکانی ئەم دواییانەی مەریوان لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیم بۆچی دەگەڕێتەوە؟
لێرەدا دەمهەوێ ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بکەم کە هۆکاری هەر دوو ئەم قەیران و کارەساتانەن ڕێژیم بە نیسبەت بڕین و کاولکاریی ژینگەیی لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانیەوە هەر ڕۆژ لە کوردستان جێبەجێی دەکات. یەکەم پرسی ژینۆسایدکردنی دارستانەکان تایبەت بە مەریوان و ناوچەیەک لە کوردستان نییە، بەڵکوو پرسێکی گشتییە کە لە پارێزگای سنەوە شۆڕ ئەبێتەوە خوارێ هەتا دەگاتە کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خۆراسان، سەردەشت و پیرانشاریش لە خۆ ئەگرێت. کە لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانییەوە بە شێوەی سیستماتێک و بە بیانووی پرسی نەتەوەیی و ئەمنییەتی و زۆر جار بە بیانووی هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردەوە دەکرێتە ئامانج و کار بۆ نەهێشتن و لەنێچوونی ئەم سامانە نەتەوەیی و گرانباییە سرووشتییە ئەکرێت کە بەداخەوە هەتا ئەمڕۆکانەش ئەو سیاسەتە هەر بەردەوامە.
دووهەم پرسی برسیکردن و بە هەژارکردنی خەڵکی کوردستان یەکێک لەو هۆکارانەیە، یان باشتر وایە بڵێین ڕێگەخۆشکردنە بۆ کەسانی هەڵپەرەست و دەست و پێوەندییەکانی ڕێژێم کە بە شێوەی ئاگاهانە و نائاگاهانە دەست دەدەنە کاولکاری و بڕین کە هەر دوو هۆکاری سەرەکی خودی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
بە وردی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە ژینگەکەیان تێک دراوە کوێنن؟
وڵامی ئەم پرسیارە کۆی کوردستانی گەورە دەگرێتەوە و تایبەت بە شوێنێکی دیاریکراو نییە، بۆ نموونە: ئاماژە بە چەندین شوێنی هەستیار و گرینگ دەکەم.
_ سنوورەکان کە دایم پاکتاوکراوە و دارستانەکەی سووتێندراوە و بۆتە مۆڵگەی هێزەکانیان و تەنانەت سەکۆی مووشکی تێدا دامەزراوە، چیاکانی سورێن و شاهۆ و کۆساڵان و هەورامان و ... هتد بەشێکن لەوانە.
_ شوێنی مانۆڕدان و ئاموزشی هێز و چەکەکانیان کە ساڵانە ئەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و یان بە تەواویەتی زەوت و داگیرکراوە و تایبەت بە خۆیانە.
_ زەوتکردنی هەرێمی زرێبار و دەورووبەری شاری مەریوان کە قەراغ شار لە خۆ ئەگرێت، بە بیانوو خانووبەرە و کڕین و فرۆشتن لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی خۆیەوە و بە بڕە پارەیەکی باش و گرانبایی تەخریب دەکرێت و دواتر بە خەڵکی ئاسایی و نیزامی ئەیفرۆشێ.
ئایا هەتا ئێستا خەڵکی ئەو ناوچانە هیچ هەڵوێستێکی جیددیان لەهەمبەر ئەو جینایەتانە هەبووە؟
بەڵێ، بە دەیان جار خەڵک و ڕێکخراوە ژینگەییەکان لەهەمبەر ئەم جینایەتانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەکتی سیاسی و مەدەنیی بەهێزیان بووە. هەر لەو سۆنگەیەوە خەڵک و چالاکڤانانی مەدەنی دەسبەسەر کراون و ئازار و ئەزیەت دراون بۆ نموونە: ئاماژە بە پاڵاوگەی نەوت دەکەم کە چەندین ساڵ پێش دەیانەویست لە تەنیشت زرێبار دروستی بکەن کە لەگەڵ ناڕەزایەتی خەڵک و ئەنجومەنی "سەوزی چیا" ڕووبەڕوو بوونەوە و پاش هەوڵ و تەقاڵا و تێکۆشانی خەڵک و ئەنجومەن بەخۆشحاڵییەوە ئەو پڕۆژەیان سەری نەگرت.
_ گرتن و مانگرتنی ڕێگاوبانی سنووری مەریوان واتە "باشماخ" لە بارهەڵگرەکانی ڕێژیم کە چەندین ڕۆژ خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕێ کە بەداخەوە بێ ئاکام مایەوە.
_ ناڕەزایەتی بێسنوور لە بەستنی بەنداوەکان و بەتایبەت بەنداوی "کانی بڵ" لە هەورامان کە بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە ئەویش دوای هەوڵێکی زۆر بێئاکام مایەوە.
_ ناڕەزایەتیی ئەنجومەنی "سەوزی چیا" و خەڵکی مەریوان بە نیسبەت شوێنی زبڵدانی مەریوان، ناسراوە بە زبڵدانی گوندی "ئەسراوا" و هێنانی دەزگای بەرهەمهێنانەوە (بازیافت) بۆ ئەو شوێنە کە خەڵکی خۆجیی کار بکەن کە لەگەڵ شارەداری و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش زەخت و زۆرێکی لە ڕادەبەدەر توندوتێژی و بریندار بوون و دەسبەسەرکرانی کۆمەڵێک خەڵک و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی مەریوانی لێ کەوتەوە کە ئەگەر ئاماژە بە ناوی شەهید "شەریف باجوەر" نەکەم وا ئەزانم بێ ئینسافی و غەدرەم لێ کردوە کە شەهیدی نەمر و هاوڕێیان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕا لە نەهێشتنی زبڵ بۆ "ئەسراوا". هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی ڕەق و کینەیەکی دوژمنکارانە لە چالاکڤانانی مەدەنی هەڵگرن و بکەونە بیری تۆڵەسەندنەوە کە بەداخەوە ئەم مەسەلەیە بووە هۆی ئەوەی کە شەهید "شەریف" و یارانی شەهید بکەن؛ بەڵام هەتا ئێستاکانەش ڕێژیم لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو و ئەو کێشە وەک خۆی ماوە.
_ دۆڵی "سەماقان" لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان کە خەڵکی ناوچەکە و ڕێکخراوەکان و بە تایبەت ئەنجومەنی "سەوزی چیا" و شەهید "شەریف" و یارانی بە مانگرتن و مانەوە و چادرلێدان لەو شوێنە ڕێگرییان کرد لەوەی کە زبڵ بۆ ئەو شوێنە ڕاگوێزرێت.
_ ناڕەزایەتی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧هەتاوی دوای شەهیدکردنی شەهید "شەریف" و یارانی لەنێو شەقامەکانی شاری مەریوان و تاوانبار کردنی سپای تێرۆریستی پاسداران لەلایەن کۆی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و خەڵکی هەمووی کوردستان و گوتنەوەی دروشمی نیشتمانی لەسەر شەقامەکان وەکوو: "سپای پەت و سێدارە تاوانبارە لەم کارە"، "کاک شەریف ڕێگات درێژەی هەیە"، "مەرگ و نەمان بۆ کۆماری پەت و سێدارە"، و کۆمەڵێک دروشمی حەماسیی دیکە کە چەند نموونەیەکی بچووکی هەڵوێست و ناڕەزایەتی خەڵک و ڕێکخراوەکان بوون.
شوێنەوار و لێکەوتەکانی بڕین و سووتانی دارستانەکان لە مەریوان چەندە کاریگەریی نەرێنی لەسەر لە نێوچوونی ئێکۆسیستم بۆ نموونە ژیانی پەلەوەرە کۆچەرییەکان و گیانلەبەرانی دیکە داناوە؟
بێگۆمان ژینگە گرێدراوی ژیان لە نێوان هەموو بوونەوەر و گیانلەبەرەکانی سەر گۆی زەوەییە کە بە هیچ شتێک وەسف ناکرێ. من لەو باوەڕەدام دەستی ئینسان پیس بووە بە ژینگە و هەر جۆرە دەستێوەردانەکانی لە ژینگە بووە هۆی سووتان و لە نێوچوونی دارستانەکانی گۆی زەوەی و ئاکامێکی زۆر مەترسیدار و کارەساتباری بە دوای خۆیدا هێنا، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنی داناوە لەسەر گیانلەبەران و بەرەو لە نێوچوونیان ئەبا کە ئێستا کەم و زۆر ئێمە لێرە هەست بەو شتانە دەکەین. بۆیە لەوەشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی هەم زۆرترین تاوانیان کردوە و هەم زۆرترین بەرپرسایەتییان لەسەر شانە.
هەڵوێستی ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکان لە مەریوان لە بەرانبەر ئەم جینایەتانە چی بووە؟
پێتان وایە چەندە توانیویانە لەپووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتانە کاریگەر بن؟ هەڵوێستی ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕوون و ئاشکرایە. ئەساسەن کاری ژینگەیی هەوڵدانە بۆ پەرەپێدانی کولتووری ئاشتی و پێکەوە ژیان، هەوڵی ئەوان بۆ کۆمەڵگەی سالم و تەندروستە بۆ بەختەوەری و گەڕانەوەی ژیان و کەرامەتی ئینسانی و بەها مرۆییەکانە. ژینگەپارێزان بەپێی بارودۆخ و پێگەی جەماوەرییان لەنێو خەڵکەکەیاندا لە هیچ شتێک دەرێخییان نەکردوە و بە کاری ڕۆشنگیری و فەرهەنگسازییەکان و وشیاری بەخشین بە کۆمەڵگە توانیومانە بەشێکی زۆر لە پلان و خەون و خەیاڵی دەسەڵات پووچەڵ کەینەوە. ئێمە هەمیشە لە خۆمان هەڵوێستمان نواندوە و لەپێناو ئاوەدانی و سەوزایی و پاراستن وپارێزگاری کردن لە نیشتمانەکەمان بە گیانی باشترین ڕۆڵەکانمان کە سەرماییەی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ژینگە و سروشتی وڵاتەکەمان کردوە.
حەتمەن دەزانن و بیستووتانە کە لە پارێزگای کرماشان و لوڕستان ڕێژیم بە مەبەستێکی دیاری کراو دارستانەکان زاگرۆس لە نێو دەبا و بە جێگەی مادەی هۆشبەرەکان بەرهەم دێنێ، پێتان وایە ئەم هەوڵانەی ڕێژیم دەتوانێ ئەم پیلانانەی بەدوادا بێت؟
بە نیسبەت ئەو پرسیارە و مەوقعییەتی جیاوازی ناوچەیی پارێزگاکان جۆری کارکردی ڕێژی ڕەنگە وەک یەک وا نەبن، یا بە شێواز و فورمێکی تایبەتی هەبێت کە من ناتوانم بەو نیسبەتەوە قەزاوەت بکەم یا خوێندنەوەی دروست و زانستیم لە سەری هەبێت. بەڵام لێرەکانە ئەو پلان و هەوڵانە بە ڕێژەیەکی کەم کاریگەرییەکی وەهای دانناوە. بەگشتی دەشتوانین بڵێین یا خوێندنەوە ئەوەی کە لەداهاتوودا کاریگەری نەرینێ و خراپ لە دوای خۆیدا بەجێی دەهێڵێ، دیارە بە سووتان و کاولکاریی دارستانەکان چ لە باری تێکدانی ئێکۆسیستمی هەرێمی و ناوچەیی و گۆڕینی کەش و هەوا و لە ناوچوونی بوونەوەر و گیانلەبەر و دەیان زەرە و زەیان و مەترسی دروستکردن لە سەر دانیشتوانی ناوچەکە و بە کۆچ و کۆچکردن، وەشککردنی سەرچاوەی ئابووری، دووکەڵەکە ئەچێتە چاوی خەڵکی بەشمەینەتی کورد و دەورووبەریش کە لە ژینگەی کوردستاندا بێت. بەگشتی دەتوانم بڵێم کە پرسی سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس و پیلانە مەترسیدارەکانی ڕێژیم پرسێکی گشتییە و بۆ ڕێژیم فەرق ناکات کام بەش لە کوردستان بێت.
سپاس بۆ بەشداریت لەو دیمانەیەدا
سپاس بۆ ئێوەش بۆ ورووژاندنەوەی ئەو باسە و خەمخۆریتان