کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ناسراو لە سنە

10:37 - 12 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان، کاک محەممەدڕەحیم غەریقی، کەسایەتیی ناسراوی خەڵکی سنە کۆچی دوایی کرد.

محەممەدڕەحیم غەریقی کوڕی خوالێخۆشبوو شێخ فەخرەدینی غەریقی و خاوەنی کتێبفرۆشی و وەشانگەی غەریقی لە سنە بوو.

کتێبفرۆشیی غەریقی یەکێک لە کۆنترین کتێبفرۆشییەکانی سنەیە کە لە باوکەوە بۆ کاک محەممەدڕەحیمی غەریقی مابووەوە و ناوبراو زیاتر لە ٨٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە کاروباری ئەم کتێبفرۆشییەوە سەرقاڵ بووە.

لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاویدا و لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا نزیکەی ٣٠٠ کەس لەلایەن ڕێژیمی ئەو کاتەوە بە هۆی پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ئەندامەتی لەم حیزبە دەسبەسەر کران کە یەکێک لەوان کاک محەممەدڕەحیم غەریقی بوو.

ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە بەندیخانەکانی رێژیمی پاشایەتیدا بوو کە ٧ مانگی لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو.

کاک محەەممەدڕەحیم کەسایەتییەکی ناسراو و جێی باوەڕی توێژی ڕۆشنبیری کوردستان بەتایبەت لە سنە بوو.

تەرمی ناوبراو ئەمڕۆ هەینی، ١١ی جۆزەردان لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بە خاک ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.