کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیاری گەڵاڵەی یاسای تووماج بە کۆنگرەی ئەمریکا

15:09 - 12 جۆزەردان 2724

گەڵاڵەیەک بە ناوی "یاسای تووماج" لەلایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتەکانی کۆنگرەی ئەمریکاوە، بەمەبەستی سزادانی کاربەدەستانی دادوەریی ئێران، بە کۆنگرە پێشنیار کراوە.

یانگ کیم ئەندامی کۆمایخوازی مەجلیسی نوێنەران و یەکێک لە داڕێژەرانی ئەم گەڵاڵەیە ڕایگەیاندووە کە تووماج ساڵحی بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی خۆی بووەتە دەنگی دەنگە کپ کراوەکان و بوێرانە بە دژی ئەشکەنجە و سەرکوتی خواستی خەڵکی ئێران قسەی کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئادام بەنێت شیف ئەندامی دێمۆکراتەکانی مەجلیسی نوێنەران ڕایگەیاندووە کە "بوێری و پێداگریی تووماج سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران مزگێنیدەرە بۆ هەمووان و شانازی دەکەم کە لە پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیەدا بەشدارم و پشتیوانیی لێ دەکەم".

گەڵاڵەی یاسای تووماج سزاگەلیک بە سەر دادوەران، دادستانەکان و لێکۆڵەڕانی دادگاکانی ئینقلابی ئێران کە لە سەرکوتی بەردەوامی ناڕازییان بەشدارن، دەسەپێنێت.

لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەمریکاوە، ئەم وڵاتە هەر حوکمێک کە لەلایەن بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە دژی بەندکراوانی سیاسی بدرێت، وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤ پێناسەی دەکات.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی خەڵکیی و دژبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵ ١٤٠١ بە هۆی هاتنە سەر شەقام و پشتیوانیکردن لە خەڵک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر و  بەسەربردنی ١٠ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و کێشانی یەک ساڵ و ٢١ ڕۆژ بەندکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

تووماج پاش ئازادکرانی ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەیدا ئەشکەنجە دراوە و لە چارەسەرکردنی برینەکانیشی بێبەری کراوە.

کەمتر لە دوو حەوتوو لە ئازادکرانی ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ بۆ جارێکی تر بە توندوتیژی و لێدانێکی زۆرەوە دەسبەسەر کرا و ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.