شەوی هەینی لەسەر شەممە ڕێكەوتی ١٩ی جۆزەردان كاک عومەر خەدیری پوور، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شارۆچكەی گوێكتەپەی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بە هۆی نەخۆشیی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان كرد
كاک عومەر ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی ''كێچاوا'' لە دایک بووە و پاش ماوەیەكی زۆر مانەوە لەو گوندە ماڵی چووەتە شارۆچكەی گوێكتەپە.
كاک عومەر ئەندامی نهێنیی حیزب بووە و لە كار و چالاكیی حیزبی لە نێوخۆ بۆ چركە ساتێكیش درێغی نەكردووە و تا دواساتەكانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزب و شەهیدان ماوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە كە كاک عومەر گەورەی بنەماڵەی خەدیری پوورە کە سێ کەسی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان شەهید بوونە. برایەكی ناوبراو بە ناوی شەهید تەها و دو برازای بە ناوەكانی شەهید سۆهراب و شەهید شەماڵ خەدیری پوور لەپێناو ئامانجەکانی حیزب و گەل شەهید بوونە.
تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی لە ئاوایی كێچاوا بە خاكی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.