کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ

10:37 - 20 جۆزەردان 2724

ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، کاک مەلا مەجید پاڵانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆرویژ بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆسلۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مەلا مەجید لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی  لە گوندی ''چەوتە''ی سەر بە پارێزگای کرماشان لە دایک بووە. ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٢ـەوەوە بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تا دواهەناسەکانی ژیانی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات مایەوە.

مەلا مەجید بەوپەڕی بیر و باوەڕەوە لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی ئەرکە حیزبیەکانی بەجێ دەگەیاند و هەروەها لە دوای هاتنی بۆ وڵاتی نۆرویژ بەردەوام پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە هەبووە و وەک ئەندامیکی چالاکی حیزب، ئەرکە نیشتمانی و حیزبییەکانی جێبەجێ کردووە.

مامۆستا جگە لەوە کەسایەتییەکی ڕووناکبیری ئایینی بووە، نووسەرێکی سەرکەوتوو لە بوارەکانی پەروەردە، ئایین و کۆمەڵ بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا مەلا مەجید پاڵانی سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.