کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت لە نێو ماڵەکاندا بانگەشە بۆ حیجاب بکات

12:46 - 20 جۆزەردان 2724

محەممەدحوسێن ئاکۆردی بەڕێوبەری ستادی "امر بە معروف و نهی از منکر"ی ڕێژیم باسی لە بەڕێوەبردنی خولێک لەژێر ناوی "گەڵاڵەی عفاف لە ماڵ"دا بەمەبەستی بانگەشەکردنی حیجاب بۆ بنەماڵە و خزم و کەسوکار، کردووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕوونی نەکردووەتەوە کە دەیانهەوێت چ بابەتگەلێک و بە چ شێوازێک بۆ بنەماڵەکان لەنێو ماڵەکانیاندا هەڵبژێرن بەڵام ڕایگەیاندووە کە لەم خولەدا هەوڵ ئەدرێت ئەو کەسانەی کە پەروەردە دەکرێن لە داهاتوودا ببنە چالاکوانانی ئایینی و کولتووری.

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی بە سەر خەڵکدا هەموو کات بەردەوام بووە بەلام لە ئێستادا ڕێژیم دەیهەوێت سیاسەتەکانی خۆی تەنانەت بباتە نێو ماڵەکان و ژیانی تایبەتیی هاووڵاتییانەوە.

باسکردن لەم پلانە نوێیەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە دەسەڵات بە هەموو هێز و دامەزراوەکانییەوە لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژنان و کچاندا سەرکەوتوو نەبووە و بەرەوڕووی سەرپێچییە مەدەنییەکانی ژنان لە یاسا سەپێندراوەکانی بووەتەوە.

ستادی " امر بە معروف و نهی از منکر" ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی خامنەییدا بەڕێوە دەچێت و ساڵانە بوودجەی سەدان میلیاردیی بۆ تەرخان دەکرێت تاکوو سیاسەتەکانی خامنەیی لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوە ببات.