کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و فەڕانسە گوشاری پێویست دەخەنە سەر ڕێژیمی ئێران

12:53 - 20 جۆزەردان 2724

ماکرۆن ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ بایدێن لە کۆشکی ئەلیزەدا سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران وتی: "لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە  ئێمە بەردەوام بینەری ستراتێژیی پەرەسەندنی سەرتاسەری و هەمەلایەنەین، بۆ نموونە  هێرشەکانی سپا لە دژی ئیسرائیل، چالاکییەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەیی و هەروەها بەرنامەی ئەتۆمیی. بۆیە جەخت دەکەمەوە کە ئێمە هەردوو وڵات بڕیارمان داوە گوشاری پێویست بۆ وەستاندنی ئەم ڕەوتەی ئێران بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە؛ وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک لە ئاژانسی نێونەتەوی وزەی ئەتۆمی نیشانمان دا."

 

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەن ڕۆژی چوارشەممە بڕیارنامەیەکی دژ بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد.

بە پێی دوایین ڕاپۆرتی نهێنیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕێژیمی ئێران ڕێژەی کۆکردنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە و بڕیاری دەستپێڕاگەیشتن و چاودێریکردنی چاوەدێرانی  ئەو ڕێکخراوەیشی ڕەت کردووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕافائێل گرووسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆی لەبارەی بیروڕای گشتیی نوێی  ئێران و توانا تەکنیکییەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە دوکترینی ئەتۆمی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نیشان دا.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕۆیتێرز بڵاوی کردەوە، لە بەڵگەنامەیەکی هاوبەشدا کە لە سەردانەکەی بایدێن بۆ فەرانسە بڵاو کراوەتەوە، سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە نیگەرانیی خۆیان لە گواستنەوەی چەک لە ئێران و کۆرەی باکوور بۆ ڕووسیە و هێنانی کەرەستە لە چینەوە نیشان دا و ڕایانگەیاندووە کە ڕێوشوێنی سنووردارکردنی ئەو جۆرە گواستنەوانە لە ڕێگەی سیستەمی دارایی ئامریکا و فەرانسەوە دەگرنەبەر.