کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد دووەمین حەفتە لە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕ کرد

13:02 - 20 جۆزەردان 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردن و داسپاندنی حوکمی قورس بە سەر چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسانی کورد،  کەماڵ شەریفی، تەمەن ۵٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کورد دووهەمین حەفتە لە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەڕ کرد، تا ئێستاش لە مافی مەرەخەسی و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە دووەمین حەفتە لە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕ دەکات، هەتا ئێستاش لە کەمترین مافەکانی خۆی لە بەندیخانەی میناب بێبەش کراوە.

 ئەو بەندکراوە سیاسییە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و تێپەڕکردنی ئەو ماوەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی ناوبراو ئەستەمە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کەماڵ شەریفی وەکوو جاران، لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی میناب لە پارێزگای هورمزگان ڕاگیراوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەژێر گوشار و ئازاری جەستەیی و دەروونیدایە.

کەماڵ شەریفی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ١٣٨٧، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و هەر لەو ڕۆژەدا بە فەرمانی داواکاری گشتیی شاری سەقز، دەست و لاق و چاوی بەسترا و بۆ دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٧٩ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میناب گواسترایەوە و لەو کاتەوە بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە پێشتر بە تۆمەتی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.