کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی سوید لە پەیوەندی ڕێژیمی ئێران بە تۆڕە تاوانکار و جنایەتکاران لەم وڵاتە

13:07 - 20 جۆزەردان 2724

ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، وەزارەتی دەرەوەی سوید سەبارەت بە پەیوەندیی ڕێژیمی ئێران بە تۆڕە تاوانکار و جنایەتکارەکان ڕایگەیاند زۆر جێگای نیگەرانییە کە وڵاتێکی بیانی لە تۆڕی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان یان هاندانی جنایەتکاران لە سوید کەڵک وەرگرێ.

 

دەزگای ئاسایشی سوید ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە تاوانکارییەکانی خۆی لە نێوخۆی سوید بۆ ئەنجامدانی چالاکیی توندوتیژی دژ بە وڵاتان، گرووپ و کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

ئەو دەزگایە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چالاکییەکانی ئەو تۆڕانە بە پلەی یەکەم  گرووپ و کۆچبەرانی ئێرانی کە لە دژی ڕێژیمن دەکاتە ئامانج، بەڵام لە ئێستادا نوێنەرانی وڵاتانی دیکەی وەک ئیسرائیلیش دەکەنە ئامانج و پیلانیان بۆ هەیە، هەر بەم هۆیەشەوە، بەرپرسی کاروباری ئێران لە سویدی بانگهێشت کردووە.

لە لایەکی دیکەوە دوابەدوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە هۆی "تۆمەتی بێ بنەما”  بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە تارانی بانگهێشت کردووە.

هه‌روه‌ها هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی ئۆله‌مپیادی پاریس، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی وه‌كوو موساد، شین بێت، هەواڵگریی سەربازی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم وڵاتە، ڕایانگه‌یاند كه‌ پڕۆژە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا لە دژی ئیسرائیلییەکان و جوولەکەکان لە ڕێگەی تۆڕە تاوانکارییەکانەوە زۆر ده‌بێت.