کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران خوازیاری زۆربوونی حەشیمەتی ئێرانە

13:13 - 20 جۆزەردان 2724

حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و محەممەدڕەزا نەقدی جێگری ڕێکخستنی سپای پاسداران، خوازیاری زۆربوونی حەشیمەت و زاوزێکردنی خەڵک بوون.

لە درێژەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە ژیانی تایبەتی خەڵکدا حوسێن سەلامی سەبارەت بە بەساڵاچوویی حەشیمەت هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێژەی حەشیمەت نەچێتە سەرەوە، کۆمەڵگای بەساڵاچوو بەرەو لەنێوچوون دەچێت.

هەروەها محەممەدڕەزا نەقدی لە وتەکانیدا لە کۆڕی نەتەوەیی حەشیمەت ڕایگەیاندووە کە  ٢٠ لەسەدی هاوسەرگەلی وڵات بەهۆی چوونەسەرەوەی تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، لە ئێستادا نەزۆک بوونە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام سەبارەت بە ڕێژەی حەشییمەت هۆشدارییان داوە و داوایان لە خەڵک کردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا منداڵیان هەبێت و لە قۆناغەکانی دیکەدا ڕێژەی منداڵەکانیان ببەنە سەرەوە.

ئەم وتانەی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە حەشیمەت و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەکاتێکدایە کە دۆخی نالەباری ئابووری، هەڵاوسان و قەیرانە جیاجیاکان هەناسەی لاوانی لە ئێران بڕیوە و تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بردووەتە سەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەر شتومکی پێویست، بنەماڵەکان تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی یەک منداڵیش ماونەتەوە و ناتوانن ڕێژەی حەشیمەتی بنەماڵەکەیان زیاد بکەن.