کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز بە بۆنەی ١ی ژوئەن

17:23 - 12 جۆزەردان 2724

 "ناوەندی منداڵانپارێزیی نێرگز" بە بۆنەی ١ی ژوئەن ڕۆژی جیهانیی منداڵان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

منداڵە چاوگەشەکان!

ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەمجار لە ژنێڤ لە کاتی کۆنفرانسی جیهانیی چاودێریی منداڵاندا ڕۆژێک وەک "ڕۆژی جیهانیی منداڵان" دیاری کرا. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ەوە لە ١ی مانگی ژوئەندا زۆربەی وڵاتان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن، بۆ ئەوەی کە منداڵە چاوگەشەکان لەم ڕۆژەدا ڕۆژێکی خۆش و پر لە پێکەنین و دوور لە کێشە و گرفتەکانی دیکەی ژیان بە سەر ببەن. هەروەها لەگەڵ ئەمەشدا سەڕنجی دەسەڵاتداران بۆ لای ماف و داواکارییەکانیان ڕابکێشن. 
ئێمەش لە کاتێکدا دەمانەوێ ڕێورەسمێکی ڕازاوە و پر لە خۆشی بۆ ئێوەی ئازیز بەڕێوە ببەین، کە بەداخەوە لە ئێراندا یاسایێکی بەهێز بۆ پشتیوانی لە منداڵان بوونی نییە و ئەو یاسا لاوازانەش کە ئێستا هەن، زۆر بە ئاسانی پێشێل دەکرێن و پێشێلکارانیش سزا نادرێن. لەم چوارچێوەیەدا زۆربەی منداڵانی کار لە ئێراندا، بنەماڵەکانیان لە بواری ئابووریدا لەژێر زەخت و گوشارێکی زۆردان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە ئەوان منداڵەکانیان بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ژیان بنێرنە سەر شەقامەکان. ئەمەش جیا لەوەی کە دەبێتە هۆکاری دواکەوتنیان لە خوێندن، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەترسی لە سەر سڵامەتیی جەستەیی و دەروونییان دروست ببێتەوە. لە ڕاستیدا حکوومەتە گەندەڵ و نابەرپرسەکان و یەک لەوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە باتی دروستکردنی ژینگەیەکی پاک بۆ منداڵەکان و وەدیهێنانی خەون و ئاواتە سادە و جوانەکانیان، ژیانی لە منداڵە چاوگەشەکانمان کردووە بە دۆزەخ.
هەر بۆیەش ئێمە هەموومان هەوڵ بۆ دروستکردنی ژینگەیەک دەدەین کە تێیدا منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان، هەست بە ئارامی و ئەمنیەت و خۆشی بکەن. لە ژینگەیەکی وەها ئارامیشدا هەم چێژ لە دەورانی منداڵییان ببینین و هەمیش بتوانن لە باتی بیرکردنەوە لە کارکردن لە سەر شەقامەکان و هەژاری و دەردەسەری، بیر لە وەدەستهێنانی پلەی باشی زانستی بکەن. 
بە هیوای ئەوەی کە کۆتایی بە تەمەنی ڕەشی ئەم ڕێژیمە بێت و منداڵانی وڵاتی ئێمەش وەک منداڵانی خۆشبەختی وڵاتانی دیکەی ئازاد و دێموکراتیک، داهاتوویان، داهاتوویێکی پر لە سەرکەوتن و خۆشبەختی بێ.

 دیسان پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانیی منداڵان و بە هیوای وەدیهاتنی خەونەکانیان

ناوەندی منداڵپارێزیی نێرگز
١ی ژوئەنی ٢٠٢٤