کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕەکانی ئێستا بووەتە هۆی ئەوەیکە وڵاتان کڕینی چەکوچۆڵ زیاد بکەن

10:49 - 21 جۆزەردان 2724

بەڕێوەبەری یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی گەورەی چەکوچۆڵ لە بریتانیا وتویەتی کە پەرەگرتنی گرژی و تێکهەڵچوونەکانی جیهان بەو مانایەیە کە وڵاتە جیاوازەکان دە ساڵی داهاتوو بۆ کڕین و کۆکردنەوەی چەکوچۆڵ تەرخان دەکەن.

شیرکەتی ''چێمرینگ'' کە خۆی بە یەکێک لە دابینکەرانی سەرەکیی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەزانێ، وتوویەتی زیادبوونی کڕینی چەکوچۆڵ کاردانەوەیەکە بۆ شەڕی غەززە و ئۆکراین، هەروەها وڵاتی چین کە لە هەوڵدایە ببێتە هێزێکی گەورەی جیهانی، نیگەرانیی لەنێو وڵاتانی دیکە پێک‌ هێناوە.

هەرچەندە فرۆشی ئەم شیرکەتە لە ئێستاوە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە، بەڵام بەڕێوەبەران چاویان لەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ چوار بەرابەر فرۆشیان بەرز بکەنەوە و ساڵانە بگاتە یەک میلیارد پۆند.

مایکل ئۆرد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی چێمرینگ وتوویەتی: "بەرزبوونەوەی گرژییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان لە سەرانسەری جیهاندا خۆتەیارکردنی وڵاتانی وەگەڕ خستووە و پێشبینی دەکرێت ئەم ڕەوتە لانیکەم بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بێت".

بەڕێوەبەری چێمرینگ سەبارەت بە دۆخی ئێستای جیهان ڕایگەیاندووە، وڵاتانی ئورووپایی چ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و چ وڵاتانی غەیرە ئەندام کە بۆ سێیەمین ساڵ یارمەتیی سەربازی ئۆکراین لەشەڕ لەگەڵ ڕووسیە دەدەن، ئێستا ناچارن تێچووی بەرگریی خۆیان زیاتر بکەن و جبەخانەکانی خۆیان پڕ بکەنەوە.