لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان، ڕۆژی ڕابردوو لە چەندین شاری ئێران و کوردستان لانیکەم ٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هێرانا''، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە مامۆستایانی خانەنشینکراو لە تاران بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە کۆ بوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی خانەنشینکراوانی ئێران، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، شووش، کرماشان و تاران، لە ناڕەزایەتی بە مامەڵەنەکردن لەگەڵ داواکارییەکانیان، لە بەردەم بیناکانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
هاوکات، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵا لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینکراوانی پۆڵا لە ئێسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری چارەسەرکردنی داواکارییەکانیان بوون.
هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، کۆمەڵێک جووتیار لە بەردەم ئیدارەی کارەبای ساوجبڵاغ کۆ بوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پچڕانی درێژخایەنی کارەبا و دابینکردنی ئاو بۆ باخچەی جووتیاران بەڕێوە چووە.
ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە؛ شایەنی باسە کە لە نێویانەدا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابەرات و مامۆستایان و کرێکاران هەموو حەفتەیەک لە شارە جیاوازەکاندا ناڕەزایەتی و مانگرتن بەڕێوە دەبەن.