کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیماننامەی ئەمنییەتیی نێوان عەرەبستان و ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت

11:45 - 21 جۆزەردان 2724

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"ی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان لە زاری هێندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی کە ناویان نەهێنراوە، ڕایگەیاند کە کابینەی جۆ بایدێن لە بەرەبەری کۆتاییهێنان بە پەیماننامەی ئەمنییەتیی لەگەڵ عەبەرستانی سەعوودیدایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەگەری ئەو ڕێککەوتنە، بەستنی ڕێککەوتێکی ناوکیی غەیرەنیزامی لە نێوان واشنگتۆن و ڕیاز و گرتنەبەری هەنگاو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەو ڕۆژنامەیە، پەسەندکردنی ئەو پەیماننامەیە کە ناوی "ڕێککەوتنی هاوپەیمانی ستراتیژیک"ـە، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی مەجلیسی سێنای ئەمریکا هەیە.

ئەو دوو وڵاتە پێشتریش جگە لە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، لەوانەش دۆخی کەرتی غەززە و پێویستیی ڕاگرتنی شەڕ و ئاسانکاری بۆ هاتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو ئەم کەرتە، هەردوولا بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ پرسی فەلەستین هەوڵ دەدەن.

لەو پێوەندییەدا جان کێربی وتەبێژی ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی مانگی بانەمەڕ وتبووی کە هەردوو لایەن لە گرێبەستێک کە ئێستا بەرەو کۆتایی دەڕوات لە هەموو کاتێک نزیکترن.