کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ژمارەیەک لە ژینگەپارێزان ڕوو لە خەڵكی کوردستان

15:04 - 21 جۆزەردان 2724

ژمارەیەک لە ژینگەدۆستان و ژینگەپارێزانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە ژینگەی کوردستان بپارێزن و نەهێڵن کوردستان و سروشتەکەی وێران ببێت.

دەقی داواکارییەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، ئەویندارانی ژینگە و نیشتماندۆستانی زاگرۆسنشینی هەمیشە سەربڵند، وەک ئاگادارن پێمان ناوەتە وەرزی پووشپەڕ، لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەت ئەم ساڵانەی دوایی ڕۆژ نەبووە لەم وەرزەدا هەواڵی ناخهەژێن و دڵتەزێنی ئاگرکەوتەنەوەی لێڕەوار و دارستان و دەشت و مەزرای کوردستانمان بەر گوێ نەکەوتبی، ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانمان بەرەو نەمان و فەوتان چوون، ئەم ئاگرکەوتنەوانە چ مەبەستدار بێ و چ بێ مەبەست خەسارێکی گەورەیە بەر پەیکەری نیشتمانی داگیرکراومان و خۆمان و نەوەکانی داهاتووشمان دەکەوێت، ئەگەرچی زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لەلایەن دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمەوە بۆ بە بیابان‌کردن و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان بەڕێوە دەچێ، دەبێت بڵیم بەشێکیشی هۆکاری کەمتەرخەمیی خۆمانە، هەر بۆیە لێرەوە داوا دەکەین لە هەموو خەڵکی کوردستان هەر لە خۆی و ماکۆوە تا دەگاتە نووراو و خوڕماوا بۆ پێشگرتن لە هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە لە دەشت و مەزرا و لێڕەوار و دارستانەکان، لە ئاگرکردنەوە، فڕێدانی جگەرە و هەر شتێکی سووتێنەر لە سرووشتدا خۆ بپارێزن.

ئەرکە لەسەرشانی تاک بە تاکی کوردستانییانی خۆشەویست بە تایبەتی لاوەکانمان بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لەو ئەگەرانەی کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە، پێش بە خەڵکانی ناحەزی دژ بە کوردیش بگرن و لە هیچ حاڵەتێکدا مەهێڵن کوردستان و سرووشتی کوردستان وێران ببێت.

 

ئاوەدان بێت ژێنگەی کوردستان و کامەرانی بۆ دانیشتوانی

ژینگە دۆستانی زاگرۆسنشین