کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم

15:06 - 21 جۆزەردان 2724

فەرهاد بەیگی گەڕووسی هاووڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بانگکرانی بە مەبەستی دەسبەسەرکران و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، فەرهاد بەیگی گەڕووسی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢١ ساڵ و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''دا زیاتر لە یەک ساڵ دەسبەسەر کرابوو، لە ماڵی خۆیان لە شاری سەحنە خۆی لەدار داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ماوەی نزیک لە چوار مانگی ڕابردوو فەرهاد بەیگی گەڕووسی لەژێر گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە و لەم دواییانەدا بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە خۆی بە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان بناسێنێت و پاشان بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران دەگوازرێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە فەرهاد بەیگی گەڕووسی پاییزی ساڵی ١٤٠١ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''دا دەسبەسەر کرابوو و زستانی ڕابردوو دوای زیاتر لە یەک ساڵ بەندکران بە دانانی بارمتە و تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو بە هاوکاری لە کوشتنی نادر بایرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای سەحنە تۆمەتبار کرابوو.

هەروەها ڕەزا ڕەسایی هەر بەم تۆمەتە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ڕاگیراوە.