کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندازیاریکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری بۆ جارێکی تر

15:14 - 21 جۆزەردان 2724

ڕۆژی ڕابردوو هەواڵدەرییەکانی ئێران باسیان لە لیستەی کۆتایی بەربژێرانی قەبووڵکراو لەلایەن شۆرای نیگابانەوە کرد، تاکوو بۆ جارێکی دیکە ئەندازیاریکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

محەممەدڕەزا قاڵیباف، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحوسێن قازیزادە، مەسعوود پزشکیان و مستەفا پوورمحەممەدی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی لیژنەی مەرگ، ئەو شەش بەربژێرەن کە لەلایەن شۆرای نیگابانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕێگەیان پێدراوە تاکوو لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ بدرێت.

بەم پێیە مەحموود ئەحمەدینژاد و عەلی لاریجانی دوو کەس لە ناسراوترین کەسەکانی سەر بە ڕێژیم لەگەڵ ئێسحاق جەهانگیری، مێهرداد بەزرپاش، وەحید حەقانیان و محەممەدمێهدی ئیسماعیلی لەو بەربژێرانەن کە بە وتەی شۆرای نیگابان سەڵاحییەتیان ڕەت کراوەتەوە.

وێدەچێت لاریجانی کە پاش ناونووسیی خۆی بەشێوەی ڕەواڵەتی ڕایگەیاندبوو ئیزنی لە خامەنەیی وەرگرتووە تاکوو بەربژێر بێت، تا ڕادەیەکی زۆر متمانەی بە وەرگرتنی سەڵاحییەت لەلایەن شۆرای نیگابانەوە هەبوو.

لاریجانی کە پێشتر بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیم و هەروەها سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بوو، یەکێک لە متمانەپێکراوترین کەسەکانی خامنەیی بوو.

ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی ئەحمەدینژاد سەرۆککۆماری پێشوویش دەریدەخات کە پاش ناکۆکییەکانی لەگەڵ خامنەیی، نەیتوانیوە پێگەی خۆی لەلای ڕێبەری ڕێژیمەوە بەدەست بهێنێتەوە.

محەممەدمێهدی ئیسماعیلی و مێهرداد بەزرپاش دوو وەزیری دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسین کە لەلایەن شۆرای نیگابانەوە سەڵاحییەتیان ڕەت کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە نێو شەش کەسدا کە سەڵاحییەتیان پێ دراوە نوێنەرێکی بەرەی "ئیسڵاحات" قەبووڵ کراوە تاکوو ئیسڵاح تەڵەبەکانی ڕێژیم بتوانن خۆیان لە شانۆکەدا ببینەوە.

مەسعوود پزشکیان نوێنەری تەبرێز لە مەجلیس و وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی خاتەمی پاش وەرگرتنی سەڵاحییەت لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕایگەیاند کە محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی دەبێت و بەم شێوەیە ئامادەیی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی دەوڵەتێک ڕاگەیاند کە پێش لە هەڵبژاردنەکان پێک هاتووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە تەئیدی سەڵاحییەتی مستەفا پوورمحەممەدی وەک یەکێکی دیکە لە ئەندامەکانی لیژنەی مەرگ سەرنجی کارناسانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

پوورمحەممەدی لە نێو شەش کەسدا کە سەلاحەتییەن پێ دراوە زیاتر لە هەموویان لە ئیبراهیم ڕەئیسییەوە نزیکە و تاکە ئاخوندی نێو بەربژێرانە.

ناوبراو هاوشێوەی ڕەئیسی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بەرپرسایەتی دادستانیی پێ بووە و لە دەیەی ٦٠دا وەک نوێنەری ئیتلاعاتی ڕێژیم، ئەندامی سەرەکیی لیژنەی مەرگ بووە.

بەوتەی هەندێک لە کارناسانی سیاسی مستەفا پوورمحەممەدی متمانەپێکراوترین کەس لەنێو بەربژێراندایە، بەڵام بە هۆی ڕابردووکەیەوە ڕەشترین ناوبانگیشی لەم نێوانەدا هەیە.