کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک لەژێر ناوی "هۆکارەکانی مانەوەی ستراکچێری حیزبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

11:50 - 22 جۆزەردان 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات، بە شێوەی هاوبەش سێمینارێکی سیاسییان بۆ بەڕێز مادێح ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ڕێک خست.

ئەم سێمینارە هاوبەشە لەژێر ناوی "هۆکارەکانی مانەوەی ستراکچێری حیزبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و بە بەشداریی ئەندامانی هەر سێ ڕێکخراوەکە بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، مادێح ئەحمەدی، ئەندامیی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بابەتەکەی خۆی لەژێر ناوی "هۆکارەکانی مانەوەی ستراکچێری حیزبی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ناوبراو لە سەرەتادا باسی لە سیستەمی حیزبی لە هەر سەردەمی هەر دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی کرد و دواتر بە ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی کۆماری کوردستان لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کرد و کۆماری کوردستانی وەکوو ئاخێزگەیەکی فکری بۆ ئەم حیزبانە ناو برد.

ئەحمەدی لە درێژەی باسەکەی خۆیدا چەندین نموونەی باس کرد و پەرژایە سەر بزووتنەوەی ژینا و ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبەکان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان.

لە بەشی دووهەمدا، ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەر باس و لەلایەن مادێح ئەحمەدییەوە وڵامیان درایەوە.