کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لەسەر بەڵێنیدان بۆ دۆزینەوەی عەداڵەت و ڕاستییەکان

11:52 - 22 جۆزەردان 2724

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی لە بەیانییەکدا بە ئاماژەدان بە حوکمی ئەم دواییانەی دادگایەکی کانادا دژی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین، لەسەر بەڵێنی ئەو ئەنجومەنە بۆ دۆزینەوەی عەداڵەت و ڕاستییەکان بۆ گیانلەدەستداوانی ئەو ڕووداوە جەختی کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردان بڵاو بووەتەوە هاتووە: "ئەو حوکمە ئەو بەرپرسیارەتییەی کە لەبابەت خستەخوارەوەی ئەو فڕۆکە خستوویەتی سەر سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی، پێشێل یان ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو جەختی لەسەر دەکاتەوە کە سەرەڕای هەوڵە یاساییەکانی ئەنجومەن لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی هەوانەوەردی غەیرە نیزامی، دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری و دیوانی نێونەتەوەیی سزادان لە لاهە، ناچنە ژێر کاریگەریی ئەو حوکمە".

دادگای باڵای ئانتاریۆ رۆژی ٢١ی جۆزەردان لە حوکمێکدا دژی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین و بە قازانجی بنەماڵەی قوربانییانی فڕینی ٧٥٢ ڕایگەیاند کە شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراینی لە هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە هەڵفڕینی ئەو فڕۆکەیە لە تاران کۆتایی کردووە. بەپێی ئەو حوکمە ڕاپۆرتەکانی کۆماری ئیسلامیش قەناعەت پێهێنەر نەبووە و ئیدعای ئەو ڕێژیمە لە ڕووی ئەوەیکەی هەڵەی ئینسانی بووە، ڕەت کراوەتەوە.

لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی کە لە تارانەوە بەرەو کیێڤ دەچوو، چەند خولەک پاش هەستانی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بە دوو مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران کرایە ئامانج و ١٧٦ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.