کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی کۆمەڵێک لە چالاکان بۆ کۆنواسیۆنی جیهانیی مافی کەمئەندامان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی

11:53 - 22 جۆزەردان 2724

کۆمەڵێک لە چالاکانی سەربەخۆ لە نامەیەکدا بۆ کۆنواسیۆنی جیهانیی مافی کەمئەندامان، بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی بەرپرسی ڕێکخراوی "بێهزیستی"ی کۆماری ئیسلامی لە حەفدەیەمین کۆنفڕانسی ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە، جەختیان لە سەر گرینگینەدان بە مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە کردووە.

لەم نامەیەدا هاتووە کە بەرپرسی ڕێکخراوی بێهزیستی لەکاتێکدا لەو کۆنفڕانسە بەشداری دەکات کە کۆماری ئیسلامی وێڕای گوێنەدان بە بەڵێننامە جیهانییەکانی مافی کەمئەندامان، تەنانەت یاسای نێوخۆیی بۆ پشتیوانیکردن لە مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە ساڵی ١٣٩٦ پەسەند کراوە، جێبەجێ ناکات.

لەم پێوەندییەدا زیادیان کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا یاسای پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٦ بۆ پشتیوانیکردن لە کەمئەندامان لە بوودجەی ساڵانەی وڵاتدا ڕەچاو ناکات.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا بە ئاماژەدان بە جێبەجێنەکردنی یاسا و بەڵێننامەکان بۆ پشتیوانیکردن لە کەمئەندامان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاتووە کە ماف و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی کەمئەندامان وەک دەرمان، ئاسوودەیی و خۆشبژیوی، بژێوی ڕۆژانە، هاتوچۆ، کار و خانوو لەلایەن کاربەدەستانەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت.

بەوتەی نووسەرانی نامەکە بەهۆی نەبوونی قەدەغەکردنی هەڵاواردن سەبارەت بە کەمئەندامان لە یاسا گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەرەوڕووی هەڵاواردنێکی سیستماتیک لە ژیانیاندا دەبنەوە بەبێ ئەوەی کە هیچ لایەنەێک بۆ پێداچوونەوە و پێداگری لە سەر مافەکانیان هەبێت.

ئەم کۆمەڵە چالاکوانە جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ڕیژیمی ئیسلامیدا یاساکان دژ بە کەمئەندامان دانراون چونکە ئەم کەسانە لە تاقیکارییەکان بۆ وەرگرتنی کار بێبەش کراون.

لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا و بەئاماژەدان بە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەکاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هاتووە کە ڕێژیمی ئیسلامی جگە لەوە مافی کەمئەندامان و بەگشتیی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵک بە دژی کوشتنی ژینا ئەمینیدا فەرمانی تەقەکردن بەشیوەی ڕاستەوخۆی لە دەموچاوی خەڵک کردووە و ژمارەیەکی زۆر بەم هۆیەوە هەتاهەتایە کەمئەندام کران.

لە کۆتایی نامەکەدا داوایان لە کۆنوانسیۆنی جیهانیی مافی کەمئەندامان کردووە کە ڕێکخراوی بێهزیستیی کۆماری ئیسلامی لەم بوارانەدا وڵامدەر بکات و ڕاپۆرتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دابینکردنی مافی کەمئەندامان پێش لە وەرگرتنی بەشێوازێکی کارناسانە پێداچوونەوەی بۆ بکات.