کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاریجانی و جەهانگیری خوازیاری وڵامدەربوونی شۆرای نیگابان بوون

12:31 - 22 جۆزەردان 2724

پاش ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی بەکۆمەڵی بەربژێرانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە، عەلی لاریجانی، ئێسحاق جەهانگیری و عەباس ئاخوندی خوازیاری وڵامدەربوونی ئەم شۆرایە بوون.

عەلی لاریجانی یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی ڕێژیم و سەۆکی سێ مەجلیسی شۆرای ئیسلامی پاش ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک لە ماڵپەری ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاند کە شۆرای نیگابان سەرەڕای بیروڕا و بۆچوونە ئەرێنییەکانی دامەزراوە پێوەندیدارەکان و حوکمی دەزگای دادوەری سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئیدعاکانی پێشووی شۆرای نیگابان دژ بە لاریجانی، بە مێکانیزمێکی ناڕوون پێشی بە بەربژێربوونی گرتووە.

لاریجانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٤٠٠ی سەرۆککۆماریش لەلایەن ئەم شۆرایەوە بەهۆی پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە، سەڵاحییەتی پێ نەدرابوو.

ئێسحاق جەهانگیری و عەباس ئاخوندی دوو بەربژێری دیکەی ڕەتکراو بوون کە سەبارەت بە قەبووڵنەکردنیان لەلایەن شۆرای نیگابانەوە کاردانەوەیان نیشان دا.

جەهانگیری لە نووسراوەیەکدا لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا خوازیاری ڕوونکردنە و هۆکارەکانی ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتەکەی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە بوو.

ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا سەڵاحییەتی بۆ بەربژێربوون لەلایەن شۆرای نیگابانی ڕێبەری ئێرانەوە، قەبووڵ کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا عەباس ئاخوندی یەکێکی دیکە لە ڕەتکراوەکان لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا و لە نووسراوەیەکدا ڕوو لە ئەحمەد جەنەتی بەرپرسی شۆرا نووسیویەتی: "ئەگەری هەیە کە ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بەو شۆرا، هەندێ بابەتی ناڕوون و شاراوەی لە مێشکی ئەندامانی ئەو شۆرا دروست کردبیت، بۆیە داواکارم کە لە کۆبوونەوەی شۆرادا ئامادە بم و ڕوونکردنەوە پێویستەکان ڕادەست بکەم".

جێی ئاماژەیە کە پێش لە ڕەتکردنەوەکان ئەحمەد جەنەتی ڕایگەیاندبوو کە شۆرای نیگابان هەر بەو هێڵە ڕاستەدا دەڕوات کە پێشتر لەبەری گرتووە.