کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی لانیکەم ٦٤ بەندکراو لە یەک مانگی ڕابردوودا

12:34 - 22 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە مانگی مەی ئەمساڵدا لانیکەم ٦٤ کەس لەلایەن ڕیژیمەوە لە سێدارە دراون.

ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردان لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە ٣٥ کەس لەم ٦٤ کەسە بە تۆمەتەکانی گرێدراو بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢٦ کەس بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٢ کەس بەتۆمەتی چەکهەڵگرتن دژی نیزام و یەک کەسیش بەتۆمەتی دەستدرێژیکردن لە سێدارە دراون.

لە شیکاریی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەم ٦٤ کەسە، ٦ کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچ بوون و ٤ کەسیش کورد بوون و هەروەها ٤ ژنیش لەنێوان لەسێدارەداراوەکاندا بوونیان هەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا ٢٣٧ کەسی لە سێدارە داوە.

پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "ڕێگە مەدەن بمانکوژن" باسی لە لەسێدارەدانی ٨٥٣ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا کردبوو کە لەچاو ماوەی ٨ ساڵی پێش خۆی بێوێنە بووە.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە بەهۆی لەسێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕیژەی لەسێدارەدانەکانی هەموو جیهان بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە یەک ساڵدا کۆماری ئیسلامی بە تەنیا خۆی ٧٤ لەسەدی لەسێدارەدانەکانی جیهانی ئەنجام داوە.

ڕیژیمی ئیسلامی پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەشێوەیەکی سیستماتیک لەسێدارەدانەکانی چڕتر کردووەتەوە تاکوو بە وتەی کارناسان خەڵکی پێ چاوترسێن بکات و سەرکوتەکانی بەهێزتر بکات.