کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر ١٠کەس و ڕێکخراویپێوەنددیدار بە حوسییەکانی یەمەنەوە

12:38 - 22 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢١جۆزەردان، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەروەت و سامانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، ١٠ کەس و ڕێکخراو و کەشتییان بە تاوانی گواستنەوەی "باری قاچاخ"ی نەوت و کەلوپەل بۆ حوسییەکان دەسبەسەر کردووە.

میلیشیا حوسییەکان بە پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران کە کۆنترۆڵی پایتەختی یەمەنیان لەبەردەستدایە، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە، بە بانگەشەی پشتیوانی لە فەلەستین لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل، دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل لە دەریای سووردا و زیانی زۆریان بە کەشتیە بازەرگانییەکان گەیاندووە.

هێرشەکانی حوسییەکان، کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگا سەرەکییەکانی دەریای سوور، گەرووی بابولمەندەب و کەنداوی عەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و کۆمپانیا کەشتیوانییەکانی ناچارکردووە ڕێڕەوی کەشتییەکانیان بگۆڕن.

هەر لەم پێوەندییەدا برایان نێلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، جەختی لەوە کردەوە کە میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ ئاسانکاری چالاکییە نایاساییەکانیان تۆڕێکی پشتیوانیی بەرفراوان بەکار دەهێنن، لەوانە شاردنەوەی سەرچاوەی بار، ساختەکردنی بەڵگەنامەی کەشتیوانی و هەروەها بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەشتییە گەمارۆدراوەکان.

جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لە حەفتەی ڕابردوودا بە هێرشە سەربازییەکانمان نیشانمان دا حکوومەتی ئەمریکا پابەندە بە کەمکردنەوەی توانای حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە دەریاییەکان.

ئەمریکا، سەعید ئەلجەمال خەڵکی یەمەنیی لە ساڵی ٢٠٢١ دا بە هۆی پێوەندی لەگەڵ سپای قودسی پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران خستە نێو لیستی گەمارۆوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەڵێت ئەو تۆڕەی سەعید جەمال بەڕێوەی دەبات، بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی پارەی ئێران بۆ ئەو لایەنانەی سەر بە حوسییەکان لە یەمەنن و کاری تیرۆریستی دەکەن پشت بە کۆمەڵێک سەڕافی لە سەراسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت.