کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥٠٠ پۆلی خوێندن لە پارێزگای سنە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە

16:12 - 22 جۆزەردان 2724

بەرپرسی گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە لە ١٢ هەزار و ٧٠٠ پۆلی خوێندن لەم پارێزگایە، ٢٠ لەسەدی ڕێژەی پۆلەکان واتە ٢٥٠٠ پۆل پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.

ئیبراهیم مورادی، بە ئاماژەکردن بە کەمبوونی زەوی بۆ ناوەندە پەروەردەییەکان لە سنە، مەریوان و بانە باسی لە کەمبوونی زەوی بۆ ناوەندە پەروەردەییەکان کردووە و ئەم ڕێژەی ٣٠٠ هەزار متری دووجا ڕاگەیاندووە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی قوتابییانی پارێزگای سنە لە ساڵی ڕابردوودا، ٦١٥٠ کەس زیادی کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لە شارەکانی بانە و مەریوان، ٤٦ قوتابخانە کە بە بەرد دروست کراون و ١٦ قوتابخانەی دیکە کە بە کانێکس دروست کراون پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

کۆن بوونی بینای قوتابخانەکان و گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە نۆژەنکردنەوەی ناوەندە پەروەردەییەکان، مەەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی منداڵان بەتایبەت لە کوردستانە و کاربەدەستانی ڕێژیم سەرەڕای هۆشدارەکان، هیچ گرینگییەک بەم بابەتە نادەن.