کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوانی سەقز پەیوەستی ٢٠ـەمین سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان بوون

16:15 - 22 جۆزەردان 2724

هاوکات لەگەڵ بیستەمین سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان، کە بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای لەسێدارەدانەکان کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچێ، ژمارەیەک لە بەندکراوانی سەقز و مەشهەد پەیوەستی ئەم هەڵمەتە بوون و مانیان لە خواردن گرت.

بەپێێ زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، کەرەج، خوڕماوا، مەشهەد، سەقز، خۆی و نەغەدە لە درێژەی بەڕێووەچوونی مانگرتنەکانی سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان، بۆ بیستەمین حەفتە، مانیان لە خواردن گرت.

ئەم بەندکراوانە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی حەفتەی ڕابردوو لانیکەم ٨ کەسی لە سێدارە دا و بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد کە تەنیا بەرگریی لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵک لە ساڵی ١٤٠١دا کردبوو، سەڵماندنی کە لە هیچ دۆخێکدا دەست لە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان هەڵناگرێ.

بەیاننامەی بەندکراوانی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کاتی "شانۆی هەڵبژاردنەکان"دا وازی لەسەرکوت و لەسێدارەدان نەهێناوە.

هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ و هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ٤ بەنکراوی سیاسیی کورد دەستی پێ کرد و بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە ماوەی ٢٠ حەفتەیە بە مانگرتن داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوان دەکەن.