کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی عوسمان ئیسماعیلی

16:21 - 22 جۆزەردان 2724

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سەقز، خراوەتە ژێر نەشتەرگەری و باری جەستەیی بە مەترسیدار وەسف کراوە.

عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاریی تەمەن ٦٤ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە لەم دواییەدا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی سەقزەوە مەرەخەسیی دەرمانی پێدرابوو، ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەدان نەشتەرگەری بۆ کراوە و نزیکەکانی دۆخی تەندروستی ناوبراویان بە مەترسیدار وەسف کردووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە کە تووشی فتق و تەنگی هەناسە و نەخۆشی بووە، بە هۆی دژایەتیی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کرابوو.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سەقز بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە ئەمنییەتی میللی'' لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردسانییەکانی دژبەری ڕێژیم بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" و بە هۆی بەشداریکردنی لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران سزا درا.

عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوی شاری سەقزە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.