کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆچی خوێندکاران بۆ تورکییە

10:43 - 23 جۆزەردان 2724

بەپێی داتای ژمارەیەک لە سەرچاوە دەرەکییەکان لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ هەزار کەس لە ئێرانەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە وڵات چوونەتە دەرەوە.

هەواڵدەریی "ئانادۆلوو"ی تورکییە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ٢٣ لەسەدی ئەم ١٠٠ هەزار کەسە کە بۆ خوێندن لە ئێران کۆچیان کردووە، چوونەتە وڵاتی تورکیە و لە زانکۆکانی ئێستامبۆل، ئانکارا و ئێزمیر خەریکی درێژەدان بە خوێندنن.

ڕۆژنامەی "حەفتی سۆبح" لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: "تاکوو ئێستا ئامانجی زۆربەی ئێرانییەکان بۆ درێژەدان بە خوێندنیان ئەمریکا، کانادا، ئیتالیا، ئاڵمان و مالێزی بووە بەڵام ئامارە نوێیەکان دەریدەخات کە وڵاتی تورکیە زیاترین ڕێژەی خوێندکارانی ئێرانیی وەرگرتووە.

بەپێی ئەم ئامارانە وڵاتی کانادا دوای تورکیە بە وەرگرتنی ٢١ هەزار خوێندکاری ئێرانی، پلەی دووهەمی لەم بوارەدا هەیە.

بەئەمنییەتیکردنی زانکۆکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕۆیشتنی خوێندکارەکان بۆ دەرەوەی وڵاتە.

کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەوڵی داوە بەتەواوەتی هەناسەی زانکۆکان ببڕێت و لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی لە زانکۆکاندا کەشێکی تەواو ئەمنییەتی و ئیسلامی بە سەر زانکۆکاندا بسەپێنێت.

خراپبوونی دۆخی ئابووری و قەیرانە جیاجیاکان کە کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە نادرووستەکانی خولقاندوویەتی، یەکێکە دیکە لە هۆکاری پەنابردنی خوێندکاران و بە گشتیی خەڵکی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوەیە.