کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا لە دانیشتنی گرووپی ٧ دەیهەوێت گەمارۆی نوێ بخاتە سەر ڕووسیە

10:56 - 23 جۆزەردان 2724

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە دانیشتنی گرووپی ٧ کە ئەم حەفتەیە لە ئیتالیا بەڕێوە دەچیت، گەمارۆ و بەربەستی هەناردەکردنی نوێ دەخاتە سەر ڕووسیە.

ئەمریکا و ڕێبەرانی گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان، پێشتر بەهۆی دەستدرێژیی سەربازی  بۆ سەر ئۆکراین گەمارۆی قورسیان بەسەر ڕووسیەدا سەپاندووە، بەڵام جان کێربی وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتوویەتی واشنگتۆن گەمارۆی بەهێزتری دیکە دەسەپێنێت و دامەزراوە و تۆڕگەلێک دەکاتە ئامانج کە یارمەتیی ڕووسیە دەدەن هەتا لە دەستدرێژییە سەربازییەکانی بۆ سەر ئۆکراین بەردەوام بێت.

پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ڕێبەرانی ٧ وڵاتی پیشەسازیی جیهان، تیشکیان خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان چین و ڕووسیە.

ئەم ڕاپۆرتە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە پێدەچێت دەرئەنجامی کۆبوونەوەی گرووپی ٧ ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی گشتی سەبارەت بەو بانکە چینییانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیە هەیە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، بانکە گەورەکانی چین خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیە بە دوور دەگرن، بەڵام بانکە بچووکەکان هێشتا ئامرازی مامەڵەی دارایین.

لە لایەکی دیکەوە چین بۆ ئەوەی لە گەمارۆ و سنووردارکردنی ڕۆژاوا دوور بکەوێتەوە، بەجێگەی دۆلاری ئەمریکایی لە بازرگانی لەگەڵ ڕووسییەدا گرینگی بە بەکارهێنانی دراوی نیشتمانیی ''یوان'' دەدات و هەروەها دراوی دیجیتاڵیش بەکار دەهێنێت.

ئەمریکا پێشتر بانکی ''کۆنلون''ی چینی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران خستبووە نێو لیستی ڕەشەوە، بەڵام ڕۆیتێرز نووسیویەتی واشنگتۆن نایهەوێت بە سەپاندنی گەمارۆ دژی بانکە گەورەکانی چین، سیستمی ماڵیی جیهان تووشی کێشە بکات.