کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی حوسییەکانی تێک شکاند

12:16 - 23 جۆزەردان 2724

ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکام ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کرووزی حوسییەکانی تێک شکاندووە.

سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسیویەتی: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە سەرکەوتووییەوە دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەکی کرووزی دژەکەشتییان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەندا تێک شکاندووە.

سێنتکام جەختی کردوەتەوە کە ئەم سەکۆیانە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە بوون.

ناوەندی فەرماندەیی دەریایی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە بۆ پاراستنی ئازادیی دەریاوانی و پاراستنی ئەمنییەتی ئاوە نێونەتەوەییەکان بۆ هێزە دەریاییەکەی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان بووە.

میلیشیا چەکدارەکانی حوسی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ڕایانگەیاندووە کە لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر کەشتییە پێوەندیدارەکان بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەست پێ کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هێرشەکانی حوسییەکان جگە لە کەشتییەکانی پێوەندیدار بە ئیسرائیل، بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتیش بووە و ئەمە ئاڵۆزییەکی زۆری لەو ناوچەیە درووست کردووە.

هێرشەکانی حوسییەکان بە سەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە لە دەریای سوور، گواستنەوەی جیهانی لە ڕێگەی کاناڵی سوئێزی تووشە کێشە کرد و کۆمپانیا کەشتیوانییەکان ناچار بوون ڕێگەی درێژتر و گرانتر لە باشووری ئەفریقا لەبەر بگرن.

بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە هەندێ بەڵگە نیشانی دەدەن کە حوسییەکان چەکوچۆڵیان ڕادەستی گرووپی ئەلشەباب کردووە.

ئەلشەباب گرووپێکی سەر بە ئەلقاعیدەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دژی سوومالی هەستایەوە و لە هەوڵدایە حکوومەتی خۆی بەپێی شەرعی ئیسلام دامەزرێنی.