کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و کۆماری ئازەربایجان مانۆرێکی تاکتیکی بەڕێوە دەبەن

12:27 - 23 جۆزەردان 2724

وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە مانۆڕێکی هاوبەشی تاکتیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبەن و وتوویەتی کە مەبەست لەم مانۆڕە بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی تێکدەرانەیە.

ئەم بەیاننامەیە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی جۆزەردان بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە، ئەو مانۆڕە هاوبەشە لە خاکی هەردوو وڵات بە ئامادەبوونی پێرسۆنێل و کەرەستەی شەڕ و فڕۆکەوانی و دڕۆنی هاوبەش ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان لە خاکی ئێران ئەو مانۆرە ئەنجام بدەن و هاوکات مانۆڕێکی هاوبەشی دیکە بە ئاماددەبوونی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نەخجەوان بەڕێوە بچێت.

ئەمە یەکەم جارە کە هێزەکانی دوو وڵات لە خاکی یەکتر مانۆڕی هاوبەش ئەنجام بدەن.

وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان وتوویەتی ئەو مانۆرە لە پێوەندەی لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە ستراتێژیک و هێڵەکانی پێوەندی لە بەرامبەر ئەگەری چالاکییە تێکدەرانەکان ئەنجام دەدرێت.

کۆماری ئازەربایجان و ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای گرژیی بەرچاوی ئەمنییەتی و سیاسی، چەندین پرۆژەی هاوبەشیان، لەوانە دروستکردنی ڕێڕەوێکی سنووری بۆ بەستنەوەی نەخجەوان بە خاکی کۆماری ئازەربایجان، دروستکردنی دوو وێستگەی کارەبا لەسەر ڕووباری ئەرەس و پپرۆژەکانی پێوەندیدار بە ڕێڕەوی باکوور- باشوور بۆ ترانزیتی کاڵا لە نێوان ئێران و ڕووسیە لە خاکی کۆماری ئازەربایجانەوە دەست پێ کردووە.

دوای گرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی قەرەباخ لەلایەن کۆماری ئازەربایجان لە ئەرمنستان لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامی چەندین مانۆڕی سەربازیی لە سنوورەکانی ئەو ناوچەیە ئەنجام دا، کە کاردانەوەی توندی دەوڵەتی باکووی لێکەوتەوە.

هەروەها ئێران هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ڕێڕەوی زەنگزوور بۆ بەستنەوەی نەخجەوان بە ئازەربایجانەوە بکرێتەوە، لە ئەرمەنستانەوە هەنگاوی سەربازی دەگرێتەبەر.

 

کۆماری ئازەربایجان دواجار گرێبەستێکی بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەکان لە خاکی ئێرانەوە هاوتەریب لەگەڵ ڕێڕەوی زەنگزور واژۆ کرد، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوی زەنگزور لە خاکی ئەرمەنستانەوە دەکات.