کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگەی بەربژێرانی خامنەیی سەبارەت بە سیاسەتە دەرەکییەکان

18:21 - 23 جۆزەردان 2724

پاش دیاریکردنی شەش ئەکتەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە، ڕوانگە و سیاسەتەکانیان بەتایبەتی تێڕوانینیان بۆ سیاسەتە دەرەکییەکان، سەرنجی کارناسانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

لەم پێوەندییەدا مەسعوود پزشکیان تاکە ئیسڵاحتەڵەبی نێوان ئەم شەش کەسە کە وێدەچوو تا ڕادەیەکی زۆر کەم بۆچوونە سیاسییەکانی لە خامەنەییەوە دوور بێت، لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند کە هیچ سیاسەتێکی نوێ و لە دەرەوەی سیاسەتەکانی خامنەیی لە ئەگەری هەڵبژاردنی، ڕەچاو ناکات.

پزشکیان نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا یەکێک لەو کەسانە بووە کە پشتگیریی ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجامی کردووە و لەم بوارەدا بیروڕایەکی تەواو جیاوازی لەگەڵ سەعید جەلیلی، بەربژێری دیکەی شانۆی هەڵبژاردنەکاندا هەیە.

سەعید جەلیلی کە بەرپرسایەتی وتووێژە ناوکییەکانی لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە ئەستۆ بوو، یەکێک لە دژبەرانی سەرەکیی بەرجامە و هەروەها لەگەڵ پەرەدان بە پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی دژایەتی هەیە و لەم پێوەندییەدا تا ڕادەیەکی زۆر لە چوارچێوەی سیاسەتە دوژمنکارانەکەی خامنەیی لەگەڵ ئەمریکادا تەبایی هەیە.

سەرەڕای ئەمانە جەلیلی تاکە بەربژێر نییە کە تا ئەو ڕادەیە بۆچوونەکانی بۆ سیاسەتەکانی دەرەوە نزیک لە خامنەییە.

محەممەدباقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیس و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران نزیکترین ڕوانگەکانی لەم بوارەدا لە خامنەییەوە هەیە.

قاڵیباف لە سەر ئەو بڕوایەیە کە دەوڵەت نابێت ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم بوارەدا هەبێت و سیاسەتە دەرەکییەکان دەبێت بەگشتیی لەلایەن حکوومەتەوە دابمەرزێندرێت.

لەم پێوەندییەدا قاڵیباف لە وتووێژەکانی کاتی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٩٢دا وتبووی کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگە بە سەرۆککۆمار نەدراوە تاکوو سیاسەتە دەرەکییەکان بە کەیفی خۆی بەرێتە پێشەوە.

بە وتەی قاڵیباف دەوڵەت دەبێت بەتەواوی سیاسەتە دەرەکییەکان بەو شێوەیە کە لەلایەن حاکمییەتەوە ڕێک خراوە بباتە پێشەوە و بۆ ماوەی ٤ یان ٨ ساڵ هیچ ئاڵوگۆڕێکی ناتەبای لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدا نەبێت.

دوو بەربژێری دیکە کە پێشتر دژایەتی خۆیان لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیدا ڕاگەیاندووە عەلیڕەزا زاکانی شارەداری تاران و ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی بەرپرسی "بونیادی شە‌هید"ـە، کە هیچکامیان متمانەیەکی ئەوتۆیان بە دیپلۆماسی لە سیاسەتە دەرکییەکاندا نییە.

زاکانی بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دەرەکییەکان لە چوارچێوەی هێزی میلیشیاکانی ڕێژیمدا دەبینێت و پێشتر ڕایگەیاندووە کە کۆڵەکەی سەرەکیی سیاسەتەکانی دەروەی دەوڵەتی خۆی لە سەر ملیشیاکان دادەمەرزێنێت و دەبێت زیاتر لە ڕابردوو بەهێز بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە قازیزادە بە شێوەیەکی بەرچاو باسی لە سیاسەتی دەرەکی نەکردووە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە گرێدانی دۆخی وڵات بە دەرەوە کارێکی هەڵەیە و دەبێت لەجیاتی قووڵکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لە چوارچێوەی بیرۆکە ئیسلامییەکاندا کاروباری وڵات بەڕێوە بچێت.

جیا لەمانە تاکە ئاخوندی نێوان بەربژێرەکانی خامنەیی ڕابردوویەکی نزیکی لە سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیمەوە هەیە.

مستەفا پوورمحەممەدی بەڕێوبەری گشتیی کۆمەڵگەی "ڕوحانییەتی موبارز" هاوشێوەی ڕەئیسی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بووەتە دادستان و پاشان لەکاتی لەسێدارەدانی هەزاران بەندکراوی سیاسی و ئایینی لە ساڵی ١٣٦٧دا وەک نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی مەرگ بووە و حوکمی کوشتنی هەزارانی کەسی واژۆ کردووە.

پوورمحەممەدی هەرچەند کە لە بەرجام پشتیوانیی کردووە بەڵام بەگشتی ڕوانگەیەکی ئەرێنیی بەنیسبەتی وڵاتانی ڕۆژاوایی نییە و دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتە باوەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا پشتڕاست کردووەتەوە.