کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساسان چەمەن‌ئارا بە مەبەستی پێبژاردنی سزای نەختی بانگ کرا

18:24 - 23 جۆزەردان 2724

ساسان چەمەن‌ئارا لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە مەبەستی پێبژاردنی سزا نەختییەکەی بانگی لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلام کرا.

بەپێی بەڵگەی بانگکرانەکە کە لە ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی ١٤ی جێبەجێکردنی سزای کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیلامەوە دەرکراوە و بە ساسان چەمەن‌ئارا ڕاگەیەندراوە، داوا لەم هونەرمەندە کراوە کە هەتا ١٠ ڕۆژ لە دەرکردنی بەڵگەی بانگکرانەکەی، بە مەبەستی پێبژاردنی سزا نەختییەکەی لە لقی ناوبراو ئامادە بێت.

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، مریەم کیان ئێرسی، پارێزەری ساسان چەمەن‌ئارا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس باسی لە تووشبوونی بریگرتەکەی بە نەخۆشیی "پێسۆریازیس" کرد و ڕایگەیاند: "ساسان چەمەن‌ئارا وەک باقی چالاکانی دیکە پاش ئازادبوون لە بەندیخانە، ماوەیەکە تووشی نەخۆشیی خۆبەرگری (پێسۆریازیس) بووە. دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە نەخۆشییە لە نێوان بەندکراوانی سیاسی جێگای پرسیارە و بووەتە هۆی نیگەرانیی کۆمەڵگەی مەدەنی."

ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ساسان چەمەن‌ئارا لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئیلامەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپەکان و میدیا دژبەرەکان"، بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو و پێبژاردنی ٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

ساسان چەمەن‌ئارا، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لە گرتنگەی "یەک ئەلف"ی ئیتلاعاتی سپا و ١٨ ڕۆژیش لە بەندی "٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتە لە دەسبەسەریدا بووە.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجە دراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی یەک خولەکیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو.

ئەم هونەرمەندە ٣٣ ساڵەیە، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید عەلی موزڵووم"، بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ساسان چەمەن‌ئارا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا لە کاتی دادگادا بینیویەتی.

پارێزەری ئەم هونەرمەندە پێش لە کۆبوونەوەی دادگا تەنیا یەک جار مافی دەسپێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساسانی بووە و لە کۆبوونەوەی دادگادا دەرفەتی بەرگری لە ناوبراوی پێ نەدراوە.