کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان

18:27 - 23 جۆزەردان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ جۆزەردان، بەرپرسێکی سەربازیی لوبنان ڕایگەیاند، ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵای گرووپە چەکدارەکانی حیزبوڵڵای سەر به ڕێژیمی ئێرانی له باشووری لوبنان کوشت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ئەم سەرچاوە سەربازییەوە کە ناوی نەهێنراوە، باسی لەوە کردووە، ئەو کەسەی کە کوژراوە، "گرینگترین فەرماندەی هەسەدە بووە کە لە سەرەتای ئەم شەڕەوە تاکوو ئێستا کوژراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی جویا لە باشووری لوبنان ئەنجام دراوە و لەو ماوەیەدا سێ کەسی دیکەش کوژراون.

حیزبوڵڵا کوژرانی فەرماندەیەکی بە ناسناوی ئەبوتالب عەبدوڵڵا پشتڕاست کردەوە.

لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، ئەبوتالب گرینگترین ئەندامی گرووپی حیزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی ٨ مانگی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا کوژراوە.

لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، نزیکەی ٣٠٠ چەکداری حیزبوڵڵا لە نێویاندا فەرماندە و بەرپرسە سەرەکییان هەبووە، کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.