کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری چوار مافناس لە ناوەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران

10:37 - 24 جۆزەردان 2724

چوار مافناسی ئێرانی لە نامەیەکی کراوەدا داوایان لە نووسینگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هەر هاوکارییەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە ڕاگرتنی دەستبەجێی ئێعدامەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان مەرجدار بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، حوسێن ڕەئیسی، تەناز کۆلاهچیان، محەممەد موقیمی و نەیرە ئەنساری لە نامەکەیاندا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان وتوویانە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ساڵانێکە هاوکاریی ماڵی و تکنیکیی کۆماری ئیسلامی دەکات.

ئەوان وتوویانە: کۆماری ئیسلامی بە بێ گوێدانە هۆکارەکانی تاوانەکە و ڕێگاکانی پێشگرتن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، تەنیا سزای لەسێدارەدان وەک ڕێگای سەرەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە سیاسەتی سزادانی خۆیدا جێبەجێ دەکات.

ئەم چوار مافناسە  ڕایانگەیاندووە کە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان، پێشێلکارییەکی گەورەی مافی ژیانە"، و هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی نیوەی ئێعدامەکان لە ئێران و بەستێنێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە و ڕێزگرتن لە مافی ژیان لەم وڵاتەدا پێک بێنێت.

نووسەرانی ئەم نامەیە جەختیان کردەوە کە هاوکاریی نووسینگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژەی ئەو تاوانانە کەم ببێتەوە و تەنیا بووەتە هۆی دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدانی خەڵکی زیاتر.

ئەم پارێزەرانە بە ڕەخنەگرتن لە بێدەنگیی میدیایی و نەبوونی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر لە ئێران سزا دراون، جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی پێشوو بە کەمترین تێچوو لەسێدارەدانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر ١٨ بەرابەر زیاد بکات.