کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەباتە سەرەوە

10:42 - 24 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی سەبارەت بە بڕیارنامەکەی ڕۆژانی پێشووی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، تواناکانی بۆ پیتاندنی ڕێژەیەکی زیاتر لە ئورانیۆمی بردووەتە سەرەوە.

ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی جۆزەردان لە زاری پێنج دیپلۆمات کە داوایان کردووە ڕۆیتێرز ناویان ئاشکرا نەکات ڕایگەیاندووە "کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت ڕێژەیەکی زیاتر لە سانتریفیووژەکان بۆ پیتاندنی ئورانیۆم لە یەکێک لە دامەزاروە ناوکییەکانی لەژێر زەویدا زیاد بکات".

ئەمە جاری یەکەم نییە کە کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی سەبارەت بە بڕیارنامەکان دەبێت، ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی ئێران لە کاردانەوەی بە بڕیارنامەی شۆرای حوکام بە دژی بەرنامە ناوکییەکانی، ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆمی گەیاندە ٦٠ لەسەد کە نزیکتر بووە لە ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

شۆرای حوکامی ئاژانس، ١٦ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە پێشنیاری بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان پێشنووسی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات ڕێگە بە کارناسانی باڵای ئاژانس بدات بچنە ئێران و وڵامدەری پرسیارەکانی ئاژانس سەبارەت بە دۆزینەوەی ماددەی ناوکی لە دوو سایتی ڕانەگەیەندراودا بێت.

ڕۆیتێرز زیادی کردووە کە چاوەڕوانیی ئەم دیپلۆماتانە لە کاردانەوەکەی ئێران زیاتر لەم ئاستە بووە و ڕەنگە بەرپرسانی ڕێژیم چاوەڕێی هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ بن تاکوو کاردانەوەیەکی توندتریان سەبارەت بە بڕیارنامەکە هەبێت.

جێی ئاماژەیە کە ئەم بڕیارنامەیەی شۆرای حوکام هاوشێوەی بڕیارنامە پێشووەکە لە ساڵی ٢٠٢٢، هیچ گەرەنتییەکی جێبەجێکردنی لەلایەن ئێرانەوە نییە و کۆماری ئیسلامی ناچار بە پێبەندییەکان ناکات.