کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی پۆلیس و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان

11:26 - 24 جۆزەردان 2724

بەپێی گرتەڤیدیۆ و هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانی خانەنشینکراو لە تاران، پۆلیس و هێزە لیباس شەخسییەکان بە توندوتیژی هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەکە و لە ناڕازییانیان داوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان مامۆستایانی خانەنشینکراو بۆ دووهەمین ڕۆژ لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە تاران بۆ گەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەزەبروزەنگ کۆبوونەوەکەیان تێک دراوە.

سەرچاوەیەک بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی وتووە کە هێزەکانی ڕێژیم دەیان مامۆستای ناڕازییان بریندار کردووە و ژمارەیەکیشیان دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەکە زیادی دەکات کە پاش کۆبنوونەوەکە دەیان مامۆستای خانەنشینکراوی کورد لە تاران بانگی ئیتلاعات کراون و بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە کە بەشداری کۆبوونەوەکانی نارەزایەتی لە تاران نەبن.
کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سەندیکاکان، کرێکاران و کارمەندان لە ئێران ڕۆژانە بە دژی سیاسەتەکانی ڕیژیم لەپێوەندیی لەگەڵ خۆیاندا و هەروەها بە دژی دۆخی ناڵەبار و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانیان بەڕێوە دەچێت و لەبەرامبەریشدا ڕێژیم بەبێ هیچ گوێدان و چارەسەرکردنێک، سیاسەتی زیاتر لە ٤ دەیەی خۆی سەبارەت بەم پێشێلکارییانە کە سەرکوتکردنە، دەباتە پێشەوە.