کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کڕینی میوە لە ئێران یەک لەسەر سێ کەمی کردووە

11:29 - 24 جۆزەردان 2724

هەواڵدەریی کاری ئێران لە زاری بەرپرسانی سەندیکاکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، وەرزی نوێی میوەی ئەمساڵ نرخێکی خەیاڵیان هەبووە و بە گشتی ڕێژەی کڕینی میوە لە ئێران یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.

هەواڵدەریی ئیلنا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، هەڵاوسان لە کەرتی سەوزە و میوەدا هێندە بەرزە کە چینی ناوەڕاست و لاواز جگە وەلانانیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە.

فەرزاد ڕەزایی، بەرپرسی یەکیەتیی سەوزە و میوەفرۆشانی شیراز لەو بارەوە ڕاگەیاندووە: "نرخی میوەی نۆبەرەی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و نرخی هەر کیلۆیەک گێلاس لە بازاڕدا نزیک بە دوو سێسەد هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر ڕاپۆرت سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پرۆتین لە ئێراندا بڵاو کراوەتەوە.

بە وتەی بەرپرسی یەکیەتیی سەوزە و میوەفرۆشانی شیراز ڕێژەی فرۆشتنی میوەی دووکانەکانی میوە لە شیراز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. 

لە ئێستادا فرۆشی میوە لە بەشێک لە دووکانەکانی میوە لە دوو تۆنەوە گەیشتووەتە ٧٠٠ هەتا ٨٠٠ کیلۆ  و بڕی کڕینی خەڵکیش نزیکەی یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە بارودۆخی ژیانی خەڵک ڕێگە بە کڕینی میوە بە بڕێکی زۆر نادات، وتی: ساڵانی ڕابردوو بڕی پلاستیک لە سەندیکاکانی میوەفرۆشدا چوار کیلۆ بووە، بەڵام ئێستا بڕی پلاستیک بۆ یەک کیلۆ کەم بووەتەوە.