کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە تاوانکارییەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی سوید

10:38 - 13 جۆزەردان 2724

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کارداری کاتی سویدی لە تاران بەهۆی ئەوەیکە بە"تۆمەتی بێ بنەما و دوژمنکاریی بەرپرسێکی سویدی دژی ئێران" ناوی بردووە، بانگ کرد.

هەواڵدەریی فەرمیی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان کارداری کاتی باڵیۆزخانەی سوید لە تاران بانگ کرا و لەم بانگکردنەدا کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ''قسەگەلێک کە لەسەر زانیاریی درۆ و لەژێر کاریگەریی ئیسرائیل بووە''، ناڕەزایەتی دەربڕی.

دەزگای ئەمنیەتیی سوید (سێپۆ) ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە تاوانکارییەکان لە نێوخۆی سوید بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژ بە وڵاتان و گرووپ و کەسانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

سێپۆ لە بەیاننامەیەکدا وتوویەتی ئەم چالاکییانە بە پلەی یەکەم گرووپ و کەسانی ناڕازیی کۆمەڵگەی کۆچبەرانی ئێران دەکاتە ئامانج، بەڵام بۆ نوێنەرانی وڵاتانی دیکەی وەک ئیسرائیلیشی گرتووەتەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەتوانرێت ئەم جۆرە چالاکییانە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی و ئامانج و چالاکییەکانی ئیسرائیل و جوولەکەکان لە سوید ئەنجام بدرێت".

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی ئۆلەمپیکی پاریس، دەزگاکانی هەواڵگریی ئیسرائیل لەوانە مووساد، شین بێت، هەواڵگریی سەربازی و شۆرای ئەمنییەتی ئەم وڵاتە، بەرنامە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپایان دژی ئیسرائیلییەکان و جوولەکەکان لە ڕێگەی تۆڕە تاوانکارییەکانەوە ئاشکرا کردووە.

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نیوەی شەودا لە بێلژیک دوو نارنجۆک فڕێدراونەتە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، کە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاییەکانی ئیسرائیلی، ئەم ڕێکخراوە ئیسرائیلییانە بە هاوکاریی هاوتا ئورووپاییەکانیان، دوو تۆڕی تاوانکارییان بە ناوەکانی ''فۆکسترۆت و ڕومبا'' ناساندووە کە لە پشتی چەند هێرشێکی تیرۆریستی ئەم دواییە لەسەر خاکی ئورووپا بوونە.