کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشدارینەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شانۆی هەڵبژاردنەکان بووەتە ترسێکی گەورە بۆ ڕێژیم

12:34 - 24 جۆزەردان 2724

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی سەروککۆماری ڕێژیم لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕدا، کاربەدەستانی ڕێژیم هەر لە ئێستاوە سەبارەت بە بەشدارینەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو شانۆیەدا نیگەرانن و بە هەموو شێوازێک خەریکی بانگه‌شه‌ و هاندان و ڕاکێشانی خەڵکن.
هەر لەو پێوەندییەدا بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان ئەمانۆڵڵا گەشتسابی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت کە بۆ دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران لە شاری مەریوان گیرابوو، بە باسکردن لە ڕۆڵی سپای پاسداران و بە قسەی خۆی هەوڵ و کارەکانی سپا لە پارێزگای سنە ڕوو لە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە وتی کە دەبێ ماڵەکانتان، مزگەوتەکان ‌و هەر جێگایەک کە دەتوانن بکەن بە تریبوونێک و ببنە دەنگی ئێمە و خەڵک ڕابکێشن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە دەنگدان کارێکی شەرعی و یاسایی و پێویستە.
هەروەها ئیدعای ئەوەی کرد کە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خەڵکی پارێزگای سنە خۆیان بۆ دەرکەوتنێکی بێوێنە لە ٨ی پووشپەڕدا ئامادە دەکەن و حەماسەیەک دەخولقێنن.
لەلایەکی دیکەوە تەها تەوەکولی نوێنەری ویلایەتی فەقیە لە پارێزگای سنە لە سەردانێک بۆ شاری شوێشە و کۆبوونەوە لەگەڵ بەسیجی و خۆفرۆشەکانی ئەو دەڤەرە باسی لە هەڵبژاردنەکان کردووە و داوای لە دەستوپێوەندییەکانی خۆیان کردووە کە دەبێ لە ڕێگەگەلی جیاوازەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هان بدەن بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا بەشداری بکەن.
ئەو پاسدارەی ڕێژیم ئیدعای ئەوەی کردووە کە بەشداریکردنی بەرچاو لە هەڵبژاردنەکان و پاراستنی ئەمنییەتی گشتی لە بەرنامەکانی سپای پاسداراندایە و لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا ڕایگەیاندووە بە خۆشحاڵییەوە ئەمنییەت لە هەموو بەشێکی پارێزگاکەدا سەقامگیرە، و پێویستی بە بەشداریکردن زیاتر خەڵک هەیە.
کاربەدەستانی ڕێژیم زۆر بە ڕوونی و ئاشکرایی دەزانن و بۆیان دەرکەوتووە کە خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان بەشداری ناکەن و ئەو ڕێژیمە و نوێنەران و سەرۆککۆماری بە هی خۆیان نازانن و لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەو سیستمە و ئەو ڕێژیمەدا نین بەڵام ڕێژیم بۆ ئەوەی ڕەوایی بە خۆی بدا، هەوڵ بۆ مانەوەی خۆی دەدات و لە هەموو ڕێگایەک و هەموو کەسێک کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی سەر سندووقەکانی دەنگدان قەرەباڵغ نیشان بدات و بڵێ خەڵک ئێستاش لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدایە.
بەڵام خەڵکی ئێران بەتایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا بە بەشدارینکردن و بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان نایەکی گەرورەیان بە ڕێژیم وت. 
هەروەها لە ئێستاداش خەڵک ڕایگەیاندووە کە بۆمان گرینگ نییە ڕێژیم ڕێژەی بەشداری کردنی خەڵک بۆ پاراستنی حەیایی خۆی بە چەواشەکاری چەند لە سەد ڕادەگەینێ بەڵام هەموومان دەزانین دەنگێ باتڵ لە کۆی دەنگی گشتی زۆرترە.