ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٣جۆزەردان وڵامی کردەوەی تێکدەرانەی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان دایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، ڕۆژی چوارشەممە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا سێ مووشەکی کرووزی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن تێک شکاند و پەهبادێکیشیان خستەخوارەوە کە لەلایەن ئەم گرووپەوە لە ئاسمانی دەریای سوورەوە هەڵدرابوو.
هەروەها سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەوە حوسییەکان دوو مووشەکی بالستیکی دژە کەشتییان بەرەو دەریای سوور هەڵداوە، کە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی لەنێو چوون.
حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.
دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری جۆ بایدێن لە کۆشکی سپی حوسییەکانی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا هێنایەدەر، لە ٢٧ی ڕێبەندانەوە دیسان ئەم گرووپەی خستە لیستی "تیرۆریستە جیهانییە تایبەتەکانەوە".