کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنی ڕێکخراوی جیهانیی کار بە واتای خەسارکردنی مافی کرێکارانی ئێرانە

11:07 - 13 جۆزەردان 2724

کۆنفێدراسیۆنی کاری ئێران لە نامەیەکدا بۆ کۆنفێدراسیۆنی نێونەتەوەیی سەندیکاکانی کرێکاری، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە بەشداریکردنی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنی داهاتووی ڕێکخراوی جیهانیی کار، ئەم ئەنجامەی وەک خەسارکردنی مافی کرێکارانی ئێران لەلایەن ئەم ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زانی.

لەم نامەیەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە نابێت شاندی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی نوێنەرانی کرێکارانی ئێران لەم دانیشتنەدا و لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی کارەوە بە فەرمی بناسرێت، داوای لە هەموو سەندیکاکان و ئەنجومەنەکانی کرێکاریی لە جیهاندا کردووە تاکوو وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە نەرمی نواندنی ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، خواستی دەرکردنی شاندی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنەکەدا بەشێوەی جیددی باس بکەن.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کرێکار و کارمەند لە ئێراندا بەبێ مافی هەبوونی ئەنجومەنی سەربەخۆیان لەژێر توندترین سەرکوتەکان و پێشێلکردنی مافەکانیان، ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان بەڕێوە دەبەن و ئەم کرێکار و کارمەندانە بەدڵنیاییەوە هەڵسوکەوتەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چاو لێدەکەن.

لە نامەکەی کۆنفێدراسیۆنی کاری ئێراندا بە ئاماژەدان بە پەیامی هاوخەمیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی جیهانیی کار بۆ مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی هاتووە کە ڕەئیسی یەکێک لە سەرەکیترین پێشێلکارانی مافی کرێکارانی ئێران و فەرماندەری کوشتنی هەزاران خەڵکی بێتاوان بووە.

ئەم کۆنفێدراسیۆنە پرسیاری کردووە لەکاتێکدا کە هەموو بەڵگە و ڕاپۆرتەکان باس لە پێشێلکردنی مافی کرێکاران و سەرکوتی چالاکانی کرێکاری دەکات، ئایا ڕێکخراوی جیهانیی کار ئەم ڕێژەیە لە سەرکوتکردن لە چوارچێوەی بەرنامەکانی خۆی دەبینێت کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی دەزانێت؟

ئەم پێکهاتە کرێکارییە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەپێی ڕاگەیەندراوە جیهانییەکانی ڕێکخراوی کار، پێویستە هەموو ئەندامان کۆنواسییۆنە بنەڕەتییەکان پێڕەو بکەن بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم یاسانە ڕەچاو ناکات و بە توندرین شێوازیش کرێکاران و چالاکانی کرێکاریی سەرکوت دەکات.