سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە حەماس گەورەترین بەربەست بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانە.
جۆ بایدێن لە پرێسکۆنفرانسێکدا لە پەراوێزی دانیشتنی سەرۆکانی گرووپی حەوت بە هەواڵنێرانی وت: "پێشنیارەکەی من لەلایەن شۆرای ئەمنییەت، ئیسرائیل و گرووپی حەوتەوە قەبووڵ کرابوو بەڵام گەورەترین بەربەست تاکوو ئێستا حەماسە کە لە واژۆکردنی گرێبەستەکە خۆ دەبوێرێت".
بایدێن زیادی کردووە کە هێشتا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە گەشبینە و داوای لە حەماس کردووە تاکوو بۆ گەیشتن بەم ئاگربەستە هەوڵ بدات.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی غەززەدا وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی بایدێن ڕایگەیاندووە کە بە بڕوای ئەوان هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، هێرشێکی گەورە و هەمەلایەنە، هاوشێوەی هێرشەکانی دیکەی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی دیکەی غەززە نەبووە.
جیی ئاماژەیە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی ٩ مانگەی غەززە بەردەوامە.
١٥ی ڕەزبەڕی ساڵی ڕابردوو چەکدارانی گرووپی حەماس لە هێرشێکی تێرۆریستیدا هەڵیانکوتایە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە و زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیان کوشت کە زۆربەیان مەدەنی بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیشیان بەبارمتە گرت.