کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی بەربژێرانی سەرۆککۆماری لە وتووێژە تلویزیۆنییەکانیاندا

12:13 - 26 جۆزەردان 2724

پاش هەڵبژاردنی ٦ کەس وەک بەربژێرانی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەلایەن شۆرای نیگابانەوە، چەواشەکاریی بەربژێران لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.

لەماوەی دوو حەوتوو تا دەسپێکی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بانگەشەی بەربژێران لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا بەرێوە دەچێت کە چەواشەکاریی هەندێک لە بەربژێران کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە.

لە یەکێک لەم بەرنامانەدا محەممەدباقر قاڵیباف ڕایگەیاند کە هیچ کات سکاڵایەکی بەدژی میدیاکان و هیچ تاکێکی ڕاگەیاندن تۆمار نەکردووە.

وەحید ئەشتەری چالاکی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوان بە دانانی وێنەیەک لە سکاڵاکەی قاڵیباف لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا نووسی قاڵیباف لەم وتووێژەدا درۆی کردووە.

ئەشتەری دەرخەری یەکێک لە گەندەڵییەکانی قاڵیباف ناسراو بە "سیسموونی گەیت" بوو.

مەسعوود پزشکیان بەئاماژەدان بەوەی کە لە ڕێژیمی پێشوودا "خزمەتی ئیجباری"ی کردووە ڕایگەیاند کە داهاتی کاتی سەربازییەکەی لە ئێستا کە پزیشکە زیاتر بووە و سەبارەت بە مووچەی سەربازان ڕخنەی گرتووە.

مستەفا پوورمحەممەدی بەهێنانە بەرباسی کێشەی فیلتێرینگ ڕایگەیاندووە کە ئەم کێشەیە و بابەتی "وی پی ئێن"ـەکان لە کەمترین کاتدا چارەسەر دەکات.

سەعید جەلیلی لە درێژەی هەڵوێستە پێشووەکانی دژ بە ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام، هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتەکانی پێشووی لە دەیەی ٩٠دا لە بواری ئابووریدا هێنایە ئاستی ئەو ڕێککەوتنە و ڕایگەیاند کە هەمووی ئەو هەوڵانە وەک بەرجام، هیچ بوون.

چاوەدێران و کارناسان و زۆربەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بەم قسانە کاردانەوەیان هەبووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم وتووێژانە هەمووی بەشێکە لە شانۆیەکی گەورە و بەربژێران هیچ شتێکیان لە خۆیان بۆ چارەسەرکردن کێشەکان نییە.

کارناسانی سیاسی لە سەر ئەو بڕاوایەن کە سەرەڕای هەبوونی لایەنی جیاجیا لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو لایەنەکان ئەمەگداری خامنەیین و پێڕەوی سیاسەتەکانی ئەو دەکەن و ئەم دژایەتییە ڕەواڵەتییانەش تەنیا دژبەرییەکی ئاستنزمە، چوونکە گەندەڵیی بەربڵاو و ئیدۆلۆژی ئایینی لە هەموو چینەکانی ڕێژیمدا ڕخنەی کردووە.

شایانی باسە کە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا شانۆیەکە و هیچ یەک لە پێوەرە نێونەتەوەییەکانی هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیک و ئازادی تێدا بەدی ناکرێت.

شۆرای نیگابان لە ٦ کەس کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن خامنەییەوە هەڵدەبژێرێن و ٦ کەسی دیکەش لەلایەن بەرپرسی دەزگای دادوەرییەوە کە ئەویش خۆی پێشتر ڕاستەوخۆ لەلایەن خامنەییەوە هەڵبژێردراوە، پێک دێت و لە کۆتاییدا تەنیا ئەو کەسانەی کە پەسەندکراوی ڕێبەری ڕێژیم بن بەناوی بەربژێر بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکان، بژاردە دەکرێن.