کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید ڕایگەیاند کە سەرۆککۆمار لە ئێراندا ناتوانێت هیچ کارێک بکات

12:36 - 26 جۆزەردان 2724

مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی سوننە مەزهەبەکان لە زاهێدان لە وتاری ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆماری ئیسلامیدا سیاسەتەکان نەگۆڕن و ئۆرگانەکانی ئەو ڕێژیمە پێکەوە هاوئاهەنگیان نییە و لەو دۆخەدا هیچ سەرۆککۆمارێک لە ئێراندا ناتوانێ کارێک بکات و هەر شتێک بکات کردەوەکانیان دووبارەن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە بەربژێر نەبوونی کەسایەتییەکی سوننە مەزهەب لە هەڵبژاردنەکاندا گرت و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هەڵاواردنی سوننە مەزهەبەکان لە ئێران بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

مەولەوی باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ژنان دوای ناوتۆمارکردنیان بۆ سەرۆککۆماری ئێران بێبەش دەکرێن و لەم ماوەیەدا ژنان تەنانەت یەکجاریش مەیدانیان پێنەدراوە و هەموو جارێک دەڵێن بەربژێرەکان دەبێ پیاوانی سیاسی بن و کاربەدەستانی ڕێژیم لە وشەی پیاوانی سیاسی بەهەڵە تێگەیشتوون و وا دەزانن بەس دەبێ پیاو بێت لە حاڵێکدا پیاوی سیاسی بەو کەسە دەوترێت کە لە سیاسەت تێگەیشتووە.

هەروەها ناوبراو وتی ئێمە باجێکی زۆرمان دا بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی سێزدە، بەڵام ئەم حکوومەتە هەم سوننە مەزهەبەکان و هەمیش سەرتاسەری نەتەوەی ئێرانی چەوساندەوە.

هەروەها وتی کە لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی ١٤٠٠ زۆرێک لە پێکهاتەی سوننە و خەڵکی ئێران  دژی دەنگدان بوون، بەڵام ئێمە وتمان با بناژۆخوازەکانیش تاقی بکەینەوە، بەڵام هیچ جیاوازییەکیان نەبوو و لە سەردەمی حکوومەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا زۆرێک لە نوێژخانەکانی سوننە داخران و نوێژیخانەی سوننە لە تاران داخرا و بە نایاسایی ناسێندرا.

لە کۆتاییدا ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دوای کوژرانی ژینا، و ڕووداوی هەینیی خوێناوی زاهێدان کە ڕووداوێکی زۆر بە ئازار بوو و هەروەها هەڵسوکەوتی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و دەسبەسەرکردنیان هەموو ئەو دڕندایەتییانە بوون کە لە سەردەمی حکوومەتی سێزدەهەمی ڕەئیسیدا بەرامبەر نەتەوەکانی ئێران ئەنجام درا و دووبارە جەخت دەکەمەوە کە سەرۆککۆمار ناتوانێ هیچ کارێک بکات و هیچ شتێک بگۆڕێ.