کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری سەرانی گرووپی ٧ بە رێژیمی ئێران سەبارەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆم

17:08 - 26 جۆزەردان 2724

ڕێبەرانی ٧ وڵاتی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە گرووپی ٧ لە پێوەندی لەگەڵ بەرەپێشچوونی بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان دا.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان، سەرانی گرووپی ٧ لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە پرسی ناوکی ڕاوەستێنێ و ڕەوتەکەی پێچەوانە بکاتەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی سەبارەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆم بهێنێ.

لەم بەیاننامەیەدا داوا لە ڕێژیم کراوە کە لە ڕاستای چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئاژانس دەسبەجێ هەنگاو هەڵبگرێ و کۆتایی بە ناڕوونییەکان لەمبارەوە بهێنێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕێژیمی ئێران خەریکی دامەزراندنی خێرای سانتریفیووژی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە سایتی فردۆیە.

ڕێژیمی ئێران پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم بە خەستیی ٩٠ لەسەی لەبەر دەستدایە کە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بەکار دەهێنرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی جۆزەردان ویڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دوو سایتی ژێرزەمینیی ئێران وتی کە بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، بەربڵاوبوونەوەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران هیچ ئامانجێکی ئاشتییانەی نییە و لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم بەرنامەیەدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەمریکا وڵامی دەداتەوە.

ڕێبەرانی وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە لە ئەگەری بەستنی ڕێککەوتن بۆ ناردنی مووشەکی بالستیک بۆ ڕووسیە لە شەڕ دژی ئۆکراین، لەگەڵ کردەوەی دەسبەجێێ ئەم گرووپە بەرەوڕوو دەبنەوە.

لەم بەیاننامەیەدا داوا لە کۆماری ئیسلامی کراوە کە وێڕای ڕادەستنەکردنی مووشەکی بالستیک، یارمەتییەکانی بۆ مۆسکۆ لە شەڕ دژی ئۆکراین ڕابگرێ چونکە ئەمە هەڕەشەیەکی جیددی دژی ئورووپایە.