کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەمید نووری لەگەڵ دوو بەندکراوی سویدی لە ئێران ئاڵوگۆڕی پێ کرا

17:23 - 26 جۆزەردان 2724

لە ئاڵوگۆڕی چەند بەندکراو لە نێوان ئێران و سوید حەمید نووری یاریدەدەری پێشووی دادستانی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران لەبەرامبەر ئازادکردنی یۆهان فلۆدروس و سەعید عەزیزی ئازاد کرا.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان، کازم غەریب ئابادی جێگری نێودەوڵەتیی دەزگای قەزایی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییدا ڕایگەیاند کە حەمید نووری یاریدەدەری پێشووی دادستانی زیندانی گەوهەردەشت کە لە سوید دادگایی و زیندانی کرابوو ئازاد کراوە و دەگەڕێتەوە ئێران.

هاوکات هەواڵدەریی فەرمی عومان ڕایگەیاند کە بە نێونجیگەری ئەم وڵاتە، ئێران و سوید لەسەر ئازادکردنی هاوبەشی ئەو زیندانییانە، ڕێک کەوتوون.

ئەم هەواڵدەرییە ڕایگەیاند کە زیندانییانی ئەو دوو وڵاتە ئەمڕۆ لە تاران و ستۆکهۆڵمەوە بۆ مەسقەت گواستراونەتەوە.

چەند خولەکێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەرۆکوەزیرانی سوید ڕایگەیاند کە دوو هاووڵاتیی ئەم وڵاتە بە ناوەکانی سەعید عەزیزی و یوهان فلۆدروس کە لە ئێران زیندانی کرابوون، ئازاد بوونە و بەم زووانە دەگەڕێنەوە نێو بنەماڵەکانیان. 

حەمید نووری، لە کاتی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بە ناوی حەمید عەباسی، دادیاری دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە گەوهەردەشت بووە و لەلایەن سکاڵاکەرانی تایبەتەوە بە دستتێدابوون لە کوشتاری زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و ئەندامەتی لە هەیئەتی مەرگ تۆمەتبار کراوە.

حەمید نووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوید بە حوکمی دادستانی سوید و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کۆشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.

ڕێژیمی ئێران بۆ ئازادکردنی حەمید نووری و گەڕاندنەوەی بۆ ئێران هەوڵی زۆری داوە و بۆ ئەم مەبەستەش دیپلۆماتکارێکی سویدی بەناوی یۆهان فلۆدرۆسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بە بارمتە گرتووە و داوای کردبوو لەگەڵ حەمید نووری ئاڵوگۆڕی بکات .