کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ٤٤ ساڵەی دامەزرانی "ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران"دا

20:35 - 26 جۆزەردان 2724

سمایل شەرەفی

٤٤ ساڵ پێش ئێستا و لە گەرمەی خەباتێکی ڕەوای سیاسیی پێشمەرگانەدا بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان کە درێژکراوەی بزووتنەوەیەکی مافویستانەی نەتەوەیی گەلێکی غەدرلێکراو بوو، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دڕی بە شەوەزەنگی سانسۆڕ و سەرکوتی سیستماتیکی پروپاگاندای دەسەڵاتی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دا. ڕادیۆ دەنگی کوردستان کە لە لایەن حیزبی دێموکرات و بە پەیامی سکرتێری ئەوکاتی حیزب، شەهید دوکتور قاسملوو لە ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی دامەزراو و دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کرد، وەک دەنگێکی دلێر و مافبێژ، هاوکات لەگەڵ تەبلیغ و پشتیوانی لە ڕەوابوونی بزووتنەوەی کوردستان، پێشمەرگەئاسا بەگژ قەوارەی ژەهراوی و پڕ لە درۆ و دەلەسەی ڕێژیمی داسەپاو بەسەر وڵاتدا دەچوویەوە و بۆ خەڵکی کوردستان ببوو بە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ورەبەخش.

ڕادیۆ دەنگی کوردستان کە لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی و لە شوێن‌گۆڕکێی بەردەوام بەهۆی بارودۆخی شەڕ و شۆڕشی  کوردستاندا ئەرکێکی سەختی میدیایی و نیشتمانیی کەوتبووە سەرشان، لە زەین و ویژدانی چەند نەسڵ لە خەڵکی کوردستاندا شکۆمەندانە بووەتە یادەوەرییەکی مەزن.

ئەوانەی ڕۆڵیان لە ڕاگرتن، گەیاندن، نووسین و ئامادەکردن و تۆمار و بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستاندا بووە و کاریان تێداکردوە، ئەوەندە زۆرن کە ناوهێنانیان لە تاقەتی ئەم نووسینەدا نییە. بەڵام ئەوانەی لە وەڕێخستنی ڕادیو دەنگی کوردستان و لەسەرپێڕاگرتنی‌ لە دژوارترین هەلومەرجەکان‌دا، لێبڕاوانە کاریان تێدا کرد و باشترین قۆناغەکانی تەمەنیان تێدا دانا - کە بەشێکیان شەهیدبوون و بەرشێکیشیان کۆچیی دواییان کردوە و بەشێکیشیان هەروا  لە سەنگەری دامەزرێنەری ڕادیۆ دەنگی کوردستان، واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ماونەتەوە – بۆ هەمیشە لە بیر و زەینەکان‌دا دەمێننەوە. ئەوان کە ناو و دەنگ و سیمایان بووە بە بەشێک لە "ڕادیۆ کوردستان"، ئێستاش وەک هێما و سەمبوولی ئەم دەنگە حەقبێژە دەناسرێن و لە لای هاوسەنگەرانیان و خەڵکی کوردستان جێێ ڕێز و پێزانینن.

ئێستا کە یادی ٤٤ ساڵەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی ئامرازەکانی دیکەی پێوەندی و گەیاندنی زانیاریی وەک تلویزیۆن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەگشتیی ئینترنێت و سۆشیال میدیا، جێی ڕادیۆیان گرتۆتەوە، بەڵام تایبەتمەنییەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، وەک تەنیا میدیایەک کە لە قۆناغێکی تایبەتی خەباتکارانە‌دا ئەرکێکی قورس و گرانی خرابووە سەرشان، بۆ زۆر کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان، شایانی باس و بیرەوەرییە.

لە ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران‌دا بە نوێنەرایەتی لە سەرجەم هاوڕێیانی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم یادە و ڕۆڵی بەرزی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ کوردستان، سڵاو لە یاد و بیرەوەریی سەرجەم ئەو شەهید و کۆچکردووانەی لە دامەزراندن، ڕاگرتن و گەیاندنی ئەم دەنگە حەقبێژەدا ڕۆڵیان  گێڕاوە.