کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٤ ئەندامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون

10:39 - 27 جۆزەردان 2724

کۆنفێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یەکیەتییەکانی کرێکاری لە نوێترین ڕاپۆرتدا کاردانەوەی بەرامبەر بە گرتن و سەرکوتکردنی ئەندامانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان لە ئێران نیشان دا و ئەمەی بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکان زانی.

بە وتەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە بنکەکەی لە برووکسێلە، حکوومەت بە تۆمەتی درۆ، ڕێگریکردنیان لە دەسپێڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزەر، ئەشکەنجەدان بۆ ناچارکردنی دانپێدانانی درۆ و ڕێگریکردنیان لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی و ئازاری بنەماڵەکانیان مافە بنەڕەتییەکانی مامۆستایان پێشێل دەکات.

ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتیی بەردەوامی مامۆستایان، شەپۆلی یەکەمی سەرکوتی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ساڵی ١٤٠١ ناو برد و زیادی کرد؛ دەسەڵات لە مانگی  خەرمانانی ١٤٠١ مامۆستایان و نوێنەری یەکیەتیی مامۆستایانی سەرکوت کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکان بکات.

لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١دا، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەیان مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێراندا دەسبەسەر کرد. دەسبەسەرکردنی مامۆستایان لە چەند مانگی دواتردا بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی. دوای ئەوە بە دەیان مامۆستا لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان لە کارەکانیان دەرکران.

لە درێژەی سەرکوتکردنی مامۆستایان، ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان هێزە ئەمنییەکان لە تاران هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی. لەو پێوەندییەدا شۆرای هاواهەنگیی یەکیەتیی مامۆستایان دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک بەشداربووی ئەم کۆبوونەوەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕاگەیاند و وێنەی جەستەی شینهەڵگەڕاوی مامۆستایانی بەهۆی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان بڵاو کردەوە.

مامۆستایان، وەک ڕێکخراوترین هێزی کار لە ئێران، خوازیاری کۆتاییهێنان بە تایبەتیکردن و بە کاڵاکردنی پەروەردە و زیادکردنی حەقدەست و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی چالاکانی مامۆستا و ڕێوشوێنی ئەمنییەتی لە دژی مامۆستایانن.